بۆچی رۆمانی كوردیم بەدڵ نییە؟

توێژینەوە و شیکاریی

09/08/2025‌ 42493 جار خوێندراوه‌ته‌وه



فوئاد سدیق

   ئەو دڵتەنگییە قووڵەی لە بەرامبەر دۆخی ڕۆمانی کوردیدا هەستی پێ دەکەم، لە ڕق یان ڕەشبینییەکی ڕووکەشەوە سەرچاوەی نەگرتووەو ناگرێت، بەڵکو لە چاوەڕوانییەکی بەرز و تێگەیشتنێکی بنەڕەتییەوە هاتووە کە ڕۆمان چییە و دەبێت چۆن بێت. ڕۆمان، لە جەوهەرە ئۆنتۆلۆژییەکەیدا، هەرگیز تەنیا گێڕانەوەی حیکایەتێکی ڕازاوە و جوانکاریی نەبووە. ئەگەر وابوایە، ئەم هونەرە لەگەڵ یەکەم چیرۆکبێژی ئەشکەوتەکاندا یان چیرۆكی بەرئاگرداندا، دەگەیشتە لوتکە و هەر لەوێشدا کۆتایی پێدەهات. گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کۆڵانێک و گوندێك و شارێک، یان تەنانەت مێژووی نەتەوەیەکیش، بە زمانێکی پەخشانئامێزی ڕازاوە و چەند وێنەیەکی شیعرییەوە، قەت ناتوانێت پێناسەی ڕۆمانی مەزن پێکبهێنێت، لە سەردەمێکدا کە خودی واقیع ئاگایی و جەوهەری مرۆڤ بوونەتە ئاڵۆزترین پرسیاری فەلسەفی. ڕۆمانێکی ڕاستەقینە، دەبێتە ئەو کایە و تاقیگە فیکرییەی کە تێیدا نووسەر نەک تەنیا مێژووی فەلسەفە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی هەزم دەکات، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە فەلسەفەیەک لەناو خودی گۆشت و خوێنی گێڕانەوەکەیدا بخولقێنێت؛ فەلسەفەیەک لە ڕێگەی ئەزموونی ئەقڵانیبوونی کارەکتەرەکانەوە هەناسە بدات. کاتێک ڕووبەڕووی دەقێک دەبمەوە کە بێبەشە لەم ڕەهەندە میتافیزیکییە، هەست بە بۆشاییەکی کوشندە دەکەم؛ هەستدەکەم بانگهێشتی کۆشکێک کراوم کە تەنیا دیوارەکانی جوان و ڕەنگاوڕەنگکراون، بەڵام بێ بنچینە، بێ ستوون و بێ ڕۆحە. بەداخەوە، ئەمە ئەزموونی دووبارە و دەبارەو پڕ لە ماندووبوونی منە لەگەڵ زۆربەی زۆری بەرهەمی ڕۆمانی کوردیدا.
   بۆ تێگەیشتن لەم بۆشاییە و دیاریکردنی ستانداردەکان، با سەیری ئەو ئەستێرە درەوشاوانە بکەین کە ئاسمانی ڕۆمانی جیهانییان ڕووناک کردۆتەوە. هاروکی موراکامی لە شاکاری "کافکا لە کەنار دەریا"دا، چیرۆک ناگێڕێتەوە، بەڵکو گەردوونێکی تەواو بنیات دەنێت. ئەم ڕۆمانە گەشتێکی ئۆدیسەئاسایە بۆ ناو قووڵاییەکانی ئاگایی، یادەوەری، چارەنووس و ئەو سنوورە تەمومژاوییەی کە واقیع لە خەون و خەیاڵ جیا دەکاتەوە. موراکامی بە وەستاییەکی بێوێنە، دوو هێڵی گێڕانەوەی تەریب دادەڕێژێت کە لە ڕواڵەتدا لێکدوورن، بەڵام لە ژێرەوە وەک ڕیشەی دوو داری کۆن لە قووڵایی خاکدا تێکئاڵاون و لە خاڵێکی میتافیزیکیدا یەکدەگرنەوە. ئەو بە شێوەیەکی سیحراوی، تراژیدیای ئۆدیپی یۆنانی، فەلسەفەی زێن-ی ڕۆژهەڵاتی meditation، مۆسیقای کلاسیکی بتهۆڤن و پۆپ کولتوورری ئەمریکی American Dream &  American Culture
هەموو ئەمانەی تێکەڵكردووە. بەڵام، نەک وەک کۆلاژێکی پەرشوبڵاو، بەڵکو وەک کارلێکێکی کیمیایی کە ماددەیەکی نوێی لێ دروستدەبێت: ئەزموونێکی فەلسەفیی هەستپێکراو. موراکامی فەیلەسووفێکی ئەکادیمی نییە کە سیستەمێکی تیۆری دابڕێژێت؛ ئەو ڕۆماننووسێکی فەلسەفییە کە پرسیارە بوونگەراییەکان (Existential questions) لەبارەی شوناس، تەنیایی و گەڕان بەدوای مانادا، ناکاتە بابەتی وتار، بەڵکو دەیانکاتە چارەنووسی زیندووی کارەکتەرەکانی. ئەو وەڵامە ئامادەکان ڕەتدەکاتەوە، بەڵکو پرسیارە بنەڕەتییەکان دەخولقێنێت و خوێنەر ناچار دەکات ببێتە فەیلەسووفی ژیانی خۆی.
    لێرەدا، گرنگە جیاوازییەکی ورد و بنەڕەتی بکەین. یوستاین گاردەر لە رۆمانی جیهانی سۆفیا دا کارێکی بلیمەتانەی كردووە، واتا کارێکی تەواو جیاواز. گاردەر، کە خۆی مامۆستای فەلسەفە بووە، ڕۆمان وەک ئامرازێکی فێرکاریی بەهێز و کارا بەکاردەهێنێت بۆ سادەکردنەوە و گەیاندنی مێژووی فەلسەفە بە خوێنەری گشتی. ئەو وەک نەخشەکێشێکی لێهاتووی ڕێگاکانی فەلسەفەیە؛ بە شێوەیەکی سیستەماتیک و کرۆنۆلۆژی، خوێنەر لەگەڵ سوکرات و ئەفلاتوونەوە دەبات تا دەگاتە سارتەر. لای ئەو، چیرۆکەکە چوارچێوەیەکی زیرەکانەیە بۆ وانە فەلسەفییەکان، نەک بە پێچەوانەوە، کە فەلسەفە لە ناخی چیرۆکەکەدا بتوێتەوە. ئەو فەلسەفەیەکی نوێی گاردەریزم داناهێناوە، بەڵام وەک وەرگێڕێکی بەتوانا، زمانی قورسی فەلسەفە بۆ زمانی چیرۆکی ڕۆژانە وەرگێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تا بڵێی گرنگ و بەنرخە؛ ئەگەر فەیلەسووفەکان کانەکانی زێڕ دەدۆزنەوە، گاردەر ئەو ئەندازیارەیە کە ڕێگە و پردی پتەو بۆ گەیشتنی خەڵکی ئاسایی بەو کانانە دروستكردووە. بەڵام ڕۆمانی فەلسەفیی مەزن، شتێکی ترە؛ ئەو خۆی کانی زێڕەکە هەڵدەکەنێت، یان جیهانێک دروستدەکات کە تێیدا پێویستمان بە زێڕی نوێ دەبێت.
     با هەندێك بگەڕێینەوە دواوە، بۆ كەسایەتییە زۆر بەهێزو زۆر كاریگەرەكان(تێتانەکان Titan) ی ئەم بوارە.  فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لە رۆمانی براکانی کارامازۆڤ دا، تەنیا باسی ململانێی نێوان سێ برا ناکات، بەڵکو گەورەترین ململانێی مێژووی مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو: ململانێی نێوان باوەڕی پاک و سۆفیانە (ئەلیۆشا)، بێباوەڕی و ئەقڵانیەتی ساردی شیکەرەوە (ئیڤان)و،  هەست و ئارەزووی سەرکێش و زەمینی (دیمیتری). ئەو وتە بەناوبانگەی : ئەگەر خودا بوونی نەبێت، هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە، لەم ڕۆمانەدا تەنیا دروشمێکی فیکری نییە، بەڵکو دەبێتە ئەو زریانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی کە چارەنووسی کارەکتەرەکان هەڵدەقوڵێنێت. بەشی لێكۆڵەر-پشكێنەری مەزن (The Grand Inquisitor)بە تەنیا شاکارێکی فەلسەفییە لەسەر ململانێی نێوان ئازادیی ڕەها و ئاسایشی کۆمەڵایەتی. تۆ سەیركە لەم بەشەی ئەم رۆمانەدا چیرۆکێکی فەلسەفیی خەیاڵی داڕشتووە، کە تێیدا مەسیح دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی، بەڵام لەلایەن سەرۆکی کڵێسای کاتۆلیکی پشكێنەر-موفەتیش -ی مەزنەوە دەستگیر دەکرێت. بێ هۆ نییە کە سیگمۆند فرۆید، باوکی دەروونشیکاری، دان بەوەدا دەنێت کە زۆر قەرزاری قووڵبوونەوەی دۆستۆیڤسکییە لە ناخی مرۆڤدا. خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە وەک خوێندنەوەی کتێبێکی فەلسەفی قورس وایە، بەڵام لە قاڵبێکی تراژیدیی زیندوو و هەستبزوێندا.
   ئەلبێر کامۆ، کە خۆی فەیلەسووفێکی پێشەنگی ڕێبازی پووچی (Absurdism) بوو، لە تاعون دا میتافۆرێکی گەردوونی بۆ دۆخی مرۆڤایەتی دەخولقێنێت. تاعونەکە دەتوانێت نازییەت، شەڕ، یان خودی پووچیی ژیان بێت. ڕۆمانەکە لێکۆڵینەوەیە لە هەڵوێستە جیاوازەکانی مرۆڤ بەرامبەر کارەسات: هەڵاتن، تەسلیمبوون، یان یاخیبوون و هاوکاریی مرۆیی. هەروەها، ژان پۆل سارتەر لە هێڵنج دا، کە بە مانیفێستی ئەدەبیی بوونگەرایی دادەنرێت، بیرۆکە فەلسەفییە پوختەکانی وەک ئازادیی ڕەها، بەرپرسیارێتی و پووچیی بوون، ناکاتە وتار، بەڵکو دەیانکاتە ئەزموونێکی هەستپێکراوی قێزەون کە خوێنەر لەگەڵ پاڵەوانەکەدا هەستی پێدەکات. ئەم دوو بیرمەندە، کە ڕکابەری یەکتریش بوون، نیشانیان دا کە ڕۆمان دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانی زیندووی ململانێ فیکرییەکان.سارتەر وەك فەیلەسووفێكیش رركابەری زۆرانی دیكە بوو جگە لە كامۆ، ریمۆن ئارۆن و ...هتد.
   هەندێک نووسەریش هەن کە لەوەش زیاتر دەڕۆن؛ ئەوان فەلسەفە ناگوازنەوە، بەڵکو جیهانێکی فەلسەفیی تایبەت بە خۆیان دەخولقێنن. فرانس کافکا جیهانێکی کابوسئاسا، بیرۆکراتی و لۆژیکبەدەری دروستکرد کە ئێستا پێی دەوترێت کافکایی (Kafkaesque)؛ دۆخێک کە تێیدا تاک لە بەرامبەر سیستەمێکی گەورە، نادیار و بێمانادا دەستەوەستانە. فەلسەفەی کافکا، فەلسەفەی نامۆبوون، گوناهی بێ هۆکار و گەڕانی بێئەنجامە.  ئێستا لە زۆر وڵاتدا، كابرا دەستگیر دەكرێت و كەسیش نازانێ لەسەر چی گیراوەو، دادوەرو دادگاش لێی ناپێچێتەوە. ئەمەیە كافكایی!!.
    خۆرخێ لویس بۆرخێسیش، لە ڕێگەی کورتەچیرۆکەکانیەوە کە زیاتر لە تاقیکردنەوەی فیکریی (thought experiment) بلیمەتانە دەچن، یاری بە چەمکەکانی کات، ناکۆتا (infinity) و شوناس دەکات و خوێنەر دەخاتە گومانەوە لە سروشتی خودی بوون. میلان کوندێراش ڕۆمانی وەک فۆرمێکی لێکۆڵینەوەی بوونگەرایی سەیر دەکرد و لە سووکایەتیی بەرگەنەگیراوی بوون دا، چەمکی فەلسەفیی قورسایی و سووکی دەکاتە کرۆکی شیکارییەکەی بۆ ژیان و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ.
  کەواتە، ڕۆماننووسی نموونەیی کێیە؟ خۆ تەنیا چیرۆکنووس نییە، بەڵکو خولقێنەرێكی جیهانییە، ئەو جیهانە یاسا و ڕێسا و مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، کە نووسەر خۆی دایاندەڕێژێت، هەروەک چۆن ئەندازیارێک نەخشەی بینایەک دەکێشێت. نەخشەسازێکە کە جیهانێکی تەواو بە یاسا فیزیکی و میتافیزیکییەکانیەوە دادەڕێژێت. ئەو شوێنەوارناسێکی ڕۆحییە؛ بە وردی و ئارامییەوە گڵ و خۆڵی سەردەمەکان لادەبات تا بگاتە ئەو ئاسەوارە شاراوەیەی کە شوناسی تاک و نەتەوە پێکدەهێنێت.رێك وەك  هەڵكۆڵینەكانی زانین(Excavations of Knowledge )ی میشیل فۆكۆیە. فیزیکزانێکە یاسای هۆکار و دەرەنجام (Causality) و ڕەهەندەکانی کات (هێڵی، بازنەیی، یان ڕێژەیی) لە جیهانەکەیدا دیاریدەکات. کیمیازانێکە دەزانێت کارلێکی نێوان ڕۆحەکان، ئایدۆلۆژیاکان و هەستە دژبەیەکەکان (وەک خۆشەویستی و ڕق) چ تەقینەوە و گۆڕانکارییەکی کیمیایی لە ناخی مرۆڤدا بەرهەمدەهێنێت.  لە سەرووی هەمووشیانەوە، خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی؛ زمانێک کە وەک پەنجەمۆری ڕۆحی وایە و نیشانەی جیهانبینییە ناوازەکەیەتی، نەک لاساییکردنەوەیەکی بێگیانی ئەوانی تر. نووسین لای ئەم کەسە، کردەی بوونە، نەک تەنیا وتن.
   لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر خاڵی دەستپێک و ئازاری سەرەکیم. گومانم هەیە ڕۆماننووسێک بتوانێت ئاوێنەی سەردەمی خۆی بێت، ئەگەر لەگەڵ ڕۆحی سەردەم (Zeitgeist)دا لە پچڕانێکی تراژیدیدا بژی. کاتێک ڕۆماننووسێک لە سەردەمی ژیریی دەستکرد (AI) و شۆڕشی دیجیتاڵیدا، هێشتا پەنا بۆ قەڵەم و کاغەز ببات، ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێکی ڕۆمانسی نییە. ئەمە یان یاخیبوونێکی فەلسەفیی ئاگایانەیە لە دژی خێرایی کوشندەی سەردەم، یانیش نیشانەی دابڕانێکی مەترسیدار و دواکەوتنە لە کاروانی هۆشیاریی مرۆڤایەتی. کاتێک جیهان لە ڕێگەی پڕۆگرامی کۆمپیوتەری زیرەک ئەلگۆریتمەوە بیردەکاتەوەو پێوەندی دەکات، نووسین بەو شێوازە کلاسیکییە وەک ئەوە وایە نووسەر لەبری ئەوەی ببێتە پێغەمبەری واقیعی ئێستا، ببێتە قەشەی پەرستگایەکی چۆلکراو کە نوێژ بۆ خودایەک دەکات کە هەرگیز نایدوێنێت.
    کێشەی من لەگەڵ ڕۆمانی کوردیدا ئەوەیە، زۆربەی کات لەم ئاستەدا ناوەستێت. هەستدەکەم هێشتا لە قۆناغی گێڕانەوەی حیکایەت و وەسفی جوانیی کۆڵاندا گیری خواردووە. ئەو نووسەرە مەوسوعی و فرەڕەهەندەم نەبینیوە کە بتوانێت کارەکەی لە سنووری کاغەز تێپەڕێنێت و بیکاتە ئاوێنەیەکی گەردوونی کە مرۆڤایەتی بتوانێت ئاڵۆزترین و جوانترین سیماکانی خۆی تێدا ببینێتەوە. بۆیە، کاتێک دەڵێم ڕۆمانی کوردیم بە دڵ نییە، گلەییەکەم لە نەبوونی بەرهەم نییە، بەڵکو لە نەبوونی ئەو پرۆژە فەلسەفییە خولقێنەرە  گەورەیەیە،  کە شایستەی قووڵایی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆحی مرۆڤی کورد و مرۆڤایەتی بە گشتی بێت. من چاوەڕێی ئەو نووسینەم، کە تەنیا گێڕانەوە نەبێت، بەڵکو کردەی بوونە، بوون لە ئەنفالەكان و كیمیاباران و پێشمەرگایەتی و كوردایەتی و جاشایەتی و گەندەڵی و ئینجا ئەمانە بەرهەمێكی میتافیزیكی دروستبكەن، ئەوكاتە دروستدەكەن، كە تێكەڵ بە ماتماتیك و ئەندازەو فیزیاو كیمیاو شوێنەوارناسی و تەلار سازی و زانستی پزیشكی و  فەلسەفەو  مێژوو كران.ئەرێ بە راست كورد كەی رۆماننووسێكی لەمجۆرەی  دەبێت؟