ئاگرین دڵشاد “زەوی”بڵاوکردەوە

هەمەڕەنگ

10/08/2025‌ 225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زەوی، ناوی نوێترین بەرهەمی هونەریی هونەرمەند ئاگرین دڵشادە و لە کوردستان بەرهەمهاتوە.


ئەم بەرهەمە ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ کاری بۆ کراوە و کاری ئاواز، هۆنراوە و دابەشکردنی میوزیکەکەی لەلایەن هونەرمەند ئاگرین خۆیەوە بۆ ئەنجامدراوە.

ڤیدیۆ کلیپی ئەم بەرهەمە بە شێوەی ئەنیمەیشن کاری بۆ کراوە و لەلایەن کۆمپانیای ئارتین کراون بۆ بەرهەمهێنانی هونەریی، بەرهەمهێنراوە.

ڤیدیۆی بەرهەمەکە چیرۆکێکی زۆر تایبەت دەگێرێتەوە کە کارەکتەری هونەرمەند بەناو شارێکی وێراندا گوزەرێک دەکات و بە دڵێکی پڕ لە هیوا و نەمامێک لەناو دەستەکانیدا، دەیەوێ ئەو کارەساتەی ڕووی داوە بەناشتنی درەختێک قەرەبوو بکاتەوە تا ئەو شارە ببێتەوە جێی ژیان.

 ئەم گۆرانییە هەڵگری پەیامێکی جیهانییە و پەیوەندیی بە هیچ ڕووداو و شوێنێکی دیاریکراوەوە نییە.

ئاگرین دڵشاد لەبارەی بەرهەمەکەیەوە بە شارپرێسی وت لەوانەیە هێندێک لە بیسەران و بینەرانی خۆشەویست لێکدانەوەیەکی تایبەتیان بۆ کردبێت و پێیان وابووبێت کە گۆرانییەکە بۆ مەبەستێکی تایبەت وتراوە، بەڵام لەڕاستیدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمی هونەری ئەوەیە کە هەر کەس و بە جۆرێک لێکدانەوەی بۆ بکات، ئەمەش واتە بۆ هەر کەسێک، گۆرانییەکە جیاوازە،
بەرهەمی زەوی باس لە ڕاستی مرۆڤ دەکات بەرانبەر بە سروشت و هەسارەی دایک (زەوی).

ئاماژە بەوە دەدات کە چۆن ئێمەی مرۆڤ تاکلایەنانە بیر لە دەستکەوت و پێشکەوتنەکانمان دەکەینەوە و گوێ بەوە نادەین کە زەوی دۆخی چۆنە لەگەڵ ئەم هەموو ویستەی مرۆڤەکان! هەر لە دۆزینەوەی ئاگرەوە لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بگرە تا دەگاتە چەکی ئەتۆمیی و زیرەکی دەستکرد و …هتد.
 لەوەتەی مرۆڤ ئاگری دۆزیوەتەوە هێندەی زەوی پێ سووتاندووە، ئەوەندە خۆی پێ گەرم نەکردووەتەوە! بێگومان ئەمە تێگەشتنێکی ڕێژەییە بەڵام بەشێکە لە ڕاستییش، وە پێم وایە مرۆڤ هێندەی خۆویست بووە، هێندە دڵسۆزی زەوی نەبووە.