بەختیار ئەحمەد ساڵح
بەشی یەکەم: دەرکەوتنى
سیاسی ئەردۆغان و گۆڕانکارییەکانی دەیەی یەکەم (٢٠٠٣-٢٠١٣)
لە پەراوێزەوە بۆ دەسەڵات - دەرکەوتنى پارتی داد و گەشەپێدان
دەسەڵاتگرتنە
دەستى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیمەنی سیاسی تورکیا لە سەرەتای سەدەی بیست و
یەکەمدا، پەیوەست بوو بە گۆڕانکارییە قووڵەکانی کۆمەڵگای تورکیا، داڕمانی نوخبە
سیاسییە تەقلیدیەکان و سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سیاسی میانڕەو کە
سەرکەوتووانە وەبەرهێنانى لە بێهیوایی جەماوەری بەرامبەر بە عەلمانییەکان کرد. پارتی داد و
گەشەپێدان (ئاک پارتی) (AKP) لە ساڵی 2001 لەلایەن
کۆمەڵێک سیاسەتمەدارەوە دامەزرا کە لە بزووتنەوە ئیسلامییە کلاسیکییەکان جیابووبوونەوە. پارتەکە بە
گوتاری پراگماتیک و مەیلی ناوەندگەرایی، سەرکەوتوو بوو لە دڵنیاکردنەوەی بەشە
بەرفراوانەکانی دەنگدەران، لەوانە پارێزکارەکان، عەلمانییە میانڕەوەکان و کەرتى
سەرمایەدارە تازە دروستبووەکان لە ناوەڕاست و خۆرئاوای وڵاتدا (1).
لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ی پەرلەمانی تورکیادا
پارتی داد و گەشەپێدان 34%ی دەنگەکانی
بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی پارچەپارچەبوونی پارتەکانی دیکە و تێنەپەڕاندنی بەربەستی (10%) دنگەکان،
زۆرینەی ڕەهای لە پەرلەمان بەدەستهێنا. بەم شێوەیە سەردەمێکی
نوێ لە تورکیا دەستیپێکرد، عەبدوڵڵا گول وەک سەرۆکوەزیرانی کاتی دەستنیشانکرا،
دواتر ئەردۆغان ئەو پۆستەی وەرگرت دوای ئەوەی بڕیارێکی دادگا کە بەهۆی ڕابردووی
سیاسی ئایینییەوە ڕێگری لە کاندیدکردنی کردبوو، هەڵوەشایەوە. (سەرکەوتنى ئەردۆغان
بۆ دەسەڵات تەنها گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا نەبوو، بەڵکو سەرەتای گۆڕانکارییەکی
پێکهاتەیی قووڵ بوو لە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیای مۆدێرندا)(2).
دەیەی زێڕین – گۆڕانکارییەکانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٣)
ئابووری
تورکیا لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان بووژانەوەیەکی بەرچاوی بەدەستهێنا. بەرهەمی
ناوخۆیی لە نزیکەی ٢٣٠ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ زیاتر لە ٩٥٠ ملیار دۆلار
لە ساڵی ٢٠١٣ بەرزبوەوە (3)، ڕێژەی هەژاری
کەمیکرد، داهاتی سەرتاسەری باشتر بوو و وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی زیادیکرد. چاودێران
هۆکاری ئەم گەشەکردنە دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە : چاکسازیی ڕیشەیی
دارایی بە هاوکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، داڕشتنەوەی سیستمی بانکی لە دوای
قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠٠١، سیاسەتی هاندانی وەبەرهێنان و بە تایبەتکردن و گرنگیدان
بە ژێرخانی ئابوورى: فڕۆکەخانەی نوێی ئەستەنبوڵ، پردەکان، ڕێگاوبانەکان، و
هێڵەکانی میترۆ. بانکی نێودەوڵەتی لەو کاتەدا تورکیای بە (مۆدێلێکی
سەرکەوتوو بۆ تێکەڵکردنی ئابووری لیبڕاڵ لەگەڵ دیموکراسی پارێزکار) ناوزەند دەکرد (4).
کەمکردنەوەی باڵادەستی سەربازی و چاکسازی لە دامەزراوەکاندا
ئەردۆغان لە ڕێگەی
گۆڕینی دەستوور و دادگاییکردنی ڕەمزییانە لە کەیسەکانی وەک ئەرگەنەکۆن، کارى لەسەر
کەمکردنەوەی ڕۆڵی سیاسی دامەزراوە سەربازییەکان دەکرد، کە
ساڵانێک بوو خۆی بە پارێزەری عەلمانیەت دەزانی، ئەمەش پشتیوانی جەماوەرى لێکەوتەوە
و وەک بەشێک لەو چاکسازیانە لێکدرایەوە کە یەکێتی ئەوروپا خوازیارێتى بۆ
ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا (5). هەروەها ئەردۆغان
بەشێوەیەکی ڕێژەیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەهێزتر کرد، ئازادیی ڕادەربڕینی
فراوانتر کرد، هەروەها کۆتی لەسەر باڵاپۆشی لە زانکۆ و دامەزراوە حکومیەکاندا
هەڵگرت و هاوسەنگییەکی نوێی بۆ کایەی گشتی تورکیا گەڕاندەوە.
سیاسەتی دەرەوە، سفر کردنەوەى کێشەکان و گەشەسەندنی ڕۆڵی ناوچەیی
لەم قۆناغەدا، تورکیا
سیاسەتێکی کارای دەرەوەی گرتەبەر بە ناوی سفرکردنەوەى کێشەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ
بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەى تورکیا. ئەم سیاسەتە
ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا بوو لەگەڵ سوریا، عێراق، ئێران و یەکێتی
ئەوروپا، تورکیا لە پرسە هەستیارەکانی وەک پرسی ئەتۆمی ئێران و دانوستانەکانی
سوریا و ئیسرائیل خۆی وەک نێوندگیرێکى ڕاستگۆ نیشاندەدا (6)، ئەمەش هاوکات
بوو لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا لە جیهانی ئیسلامیدا، کە خۆی وەک مۆدێلێکی
دیموکراسی میانڕەو لە دوای بەهاری عەرەبی نیشاندا و پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی
بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووى لە هەڵکشان کرد.
بەشی دووەم: گواستنەوە
بەرەو تاکڕەوى (2013–2023)
ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی و سەرەتای داکشان
هاوینی 2013 ناڕەزایەتی
بەرفراوان لە پارکی گێزی ئەستەنبوڵ سەریهەڵدا لەسەر پلانی حکومەت بۆ لابردنى درەختەکان
و دروستکردنی مۆڵێکی بازرگانی. ئەم ناڕەزایەتیانە بە
خێرایی پەرەیان سەند و بوو بە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سیاسی فراوانتر لە دژی
شێوازی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان، بە تایبەتتر دژی زیادەڕۆیی و سەرکوتکردنی ئازادییە
گشتییەکان. حکومەت بە سەرکوتی توندی ئەمنی وەڵامی خۆپیشاندانەکانی
دایەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش
برینداربوون. ئەم ناڕەزایەتیانە خاڵی وەرچەرخانیان لە پەیوەندی نێوان
دەوڵەت و کۆمەڵگادا نیشاندا و ناسەقامگیری وێنەی ئەو دیموکراسییەیان ئاشکراکرد کە
پارتی داد و گەشەپێدان بۆ ماوەى دە ساڵ بانگەشەى بۆ دەکرد (7). (گێزی خاڵی
وەرچەرخان بوو؛ دەریخست کە ئەردۆغان چیتر ئەو سەرکردە چاکسازیخوازە نییە کە لە
ساڵی ٢٠٠٣ دەسەڵاتى گرتە دەست) (8).
جیابوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گولەن و هەوڵی کودەتا
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣دا
قەیرانێکی بێوێنە لە نێوان ئەردۆغان و هاوپەیمانی پێشووی، بانگخواز فەتحوڵڵا گولەن
سەریهەڵدا، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی کە وەزیرەکانی حکومەت و ئەندامانی خێزانى
ئەردۆغان تێوەگلابوون. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بزووتنەوەی گولەنی بە دزەکردنە ناو
پۆلیس و سوپا و دەسەڵاتی دادوەری تۆمەتبار کرد و
پاکتاوکردنی بەرفراوانی ئەو بزووتنەوەیەى لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستپێکرد. قەیرانەکە بە
هەوڵی کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ گەیشتە لوتکە، کە دەسەڵاتی
دادوەری و سیاسی تورکیا بزووتنەوەی گولەنی بە ئەنجامدانى تاوانبار کرد. سەرەڕای شکستخواردوویی
کودەتاکە، ئەردۆغان ئەو ڕووداوەی قۆستەوە بۆ سەپاندنی باری نائاسایی و ئەنجامدانی
پاکتاوی گشتگیر کە زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەری
حکومەتی کردە ئامانج کە لەنێویاندا دادوەر و ئەفسەر و مامۆستای زانکۆ بوونى هەبوو (9).
گۆڕان بەرەو سیستمی سەرۆکایەتی
ئەرۆغان دەمێک بوو
هەوڵی گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایەتی تورکیای دەدا، دواجار لە ساڵی ٢٠١٧ سیستمی
فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی، دەستور هەموار کرایەوە و
لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە پرۆسەکە کۆتایی پێهێنرا. دەستووری نوێ
دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆک کۆمار بەخشی، لەوانە دانانی وەزیر و دادوەر،
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن. زۆرێک لە
توێژەران پێیان وایە ئەم هەموارکردنە وەرچەرخانێکی گەورەی لە داکشانی دیموکراسی
تورکیادا هێنایە کایەوە، کە ڕژێمەکەی گۆڕی بۆ ئۆتۆکراسییەکی نیمچە ڕەها (10).
دروست بوونى قەیرانی ئابووری و دارایی
لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تورکیا
بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ڕووبەڕووى
قەیرانێکى ئابوورى پڕوکێنەر بوەوە کە دیارترینیان دەستوەردانی
ئەردۆغان لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی و ڕەتکردنەوەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو
لەسەر قەرزی بانقەکان بوو سەرەڕای هەڵاوسان، سزاکانی ئەمریکا دوای قەیرانی قەشە
ئەندرۆ برونسۆن، دابەزینی بەهاى لیرە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ زیاتر لە
٨٠%ی بەهاکەی
لەدەستدا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان وهۆکار بوون بۆ کەمبوونەوەی
توانای کڕین لای هاووڵاتیان.
بەگوێرەی ئاماری
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، هەڵاوسان لە تورکیا لە هەندێک مانگی ساڵی 2022دا گەیشتووەتە
زیاتر لە 80%، ئەمەش ئامارێکە کە لە دوای قەیرانی ساڵی 2001ەوە بێ وێنە
بووە (11). هێدی هێدی ئەو وێنەیە زیاتر دەچەسپا کە چیتر (ئەردۆغان
سەرکردەیەکی ئابووری ناس نییە، بەڵکو
بارگرانییەکە لەسەر ئابووری تورکیا) (12).
کەمبوونەوەى ئازادییەکان و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن
ئەردۆغان لە ماوەی
دەیەی دووەمی حوکمڕانیدا بە بەرتەسککردنەوەی ئازادی میدیا و داخستنی دەیان ڕۆژنامە
و ماڵپەڕ و زیندانیکردنی سەدان ڕۆژنامەنووس تۆمەتبار دەکرێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، تورکیا بووە بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکان بۆ
ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا. هەروەها زۆرێک لە
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان قەدەغەکراون یان سنووردار کراون، دیارترینیان پارتی دیموکراتی
گەلان (هەدەپە). ئەم هەنگاوانەش بووەتە
هۆی دابەزینی پێوەرەکانی دیموکراسی جیهانی بە شێوەیەک کە دیاریکەرى (فریدۆم هاوس) لە
ڕاپۆرتەکانیدا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تورکیاى لە ڕیزبەندی وڵاتە نائازادەکان داناوە.(13)
بەشی سێهەم: سیاسەتی
دەرەوە لە دەیەى دووەمدا – لە فراوانبوونەوە بۆ
گۆشەگیری
سیاسەتی سفر کردنەوەى کێشەکان
لە دەیەی یەکەمی
دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوەی پێشووتری تورکیا
پاڵپشتی ستراتیژێکی دەکرد کە تەوەری سەرەکی سفرکردنەوەى کێشەکان بوو لەگەڵ
دراوسێکان، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، عێراق،
ئێران و یەکێتی ئەوروپا و کرانەوەی بەڕووی ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاستدا دەدا، ئەم
سیاسەتە لەسەر بنەماکانى نێوەندگیری لە ململانێ ناوچەییەکان (وەک دۆسێی
ئەتۆمیی ئێران، دانوستانەکانی سوریا و ئیسرائیل)، پشتیوانی
دیپلۆماسی بۆ دۆزی فەلەستین، هەڵوێستێکی بەهێز لە دژی ئیسرائیل دوای ڕووداوی کەشتی
مەرمەڕە لە ساڵی (٢٠١٠)، بەرەوپێشبردنی
بازرگانی ناوچەیی و کردنەوەی کونسوڵخانە لە وڵاتانی عەرەبی و ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەرمینیا لە ڕێگەی پرۆتۆکۆڵەکانی زیوریخ (2009)ەوە
دامەزرابوو. ئەوکات تورکیا بە مۆدێلی دیموکراسی ئیسلامی میانڕەو لە
جیهانی عەرەبیدا دادەنرا، بەتایبەتی دوای بەهاری عەرەبی.
بەهاری عەرەبی و گۆڕینی ڕۆڵی ناوچەیی
شۆڕشەکانی بەهارى عەرەبى
وەرچەرخانی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دروستکرد. ئەردۆغان بە
توندی خۆی لەگەڵ هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بە تایبەت ئیخوان موسلیمین لە میسر و تونس
و سوریا هاوتەریب کرد، ئەم لایەنگرییە بووە هۆی ئەوەی دوای ڕووخانی محەمەد مورسی
لە ساڵی 2013 پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر تێکبچێت، ئەنقەرەش تۆمەتبارکرا
بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات بەهۆی هەڵوێستە
ناکۆکەکان لەبارەی ئیسلامی سیاسی تێکچوو.
ئاڵۆزکردنی دۆخی سوریا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان
تورکیا لە هاوبەشی
ڕژێمی ئەسەدەوە گۆڕا بۆ لایەنگرێکی ئاشکرای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار، هەروەها سنوورەکانی
بەڕووی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان کردەوە (14). ئەم هەنگاوەش (تورکیاى لە
ناوبژیوانێکی بێلایەنەوە گۆڕى بۆ کارەکتەرێکی ئایدیۆلۆژی، ئەوەش پێگەی ستراتیژی
تورکیاى لاواز کرد) (15).
تورکیا لە ساڵی
٢٠١٦ەوە سیاسەتی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە باکووری سوریا گرتووەتەبەر، بە
بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە کورد، بە نوێنەرایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەلی
کورد (یەپەگە) کە تورکیا بە
درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دەزانێت. دیارترین
ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا دژ بە کورد لە سوریا بریتی بوون لە: قەڵغانی فورات (2016) دژی یەکینەکانی
پاراستنى گەل و بە پاساوى شەڕى داعش ئەنجامدران، چڵە زەیتون (2018) دژی هێزەکانی
سوریای دیموکرات لە عەفرین ئەنجامدرا و کانی ئاشتی (2019) بۆ
دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی فورات.
سەرەڕای بەدەستهێنانی
دەستکەوت لەسەر زەوی، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکان ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتی بە
تایبەتی لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە لێکەوتەوە.
پەیوەندی قەیراناوى
لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا
لە دوای هەوڵی
کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی- ئەمریکا و
یەکێتی ئەوروپا- چووەتە قۆناغێکی قەیراناوی سەختەوە، ئەمەش بەهۆى
دروستبوونى ناکۆکی لەگەڵ واشنتۆن لەسەر پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە
لایەن ئەمریکا و کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە. گرژی لەگەڵ
یەکێتی ئەوروپاش دروست بوو لەسەر پرسی پەنابەران و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، لە لایەکى دیکەشەوە بارگرژى لە
ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ یۆنان و قوبرس دروستبوو بەهۆی گەڕان بەدوای غازدا.
هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی (2020–2023)
لە دەیەی سێیەمی
دەسەڵاتدارییەکەیدا و لەژێر فشاری قەیرانی ئابووریدا، تورکیا دەستیکردووە بە
پێداچوونەوە بە هەندێک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی، بەتایبەتی لەڕێگەی دووبارە
دروستکردنەوەى پەیوەندی لەگەڵ ئیمارات و سعودییە و میسر وەک بەشێک لە ستراتیژی سفرکردنەوەى
کێشەکان، نزیکبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پاراستنی
هاوسەنگییەکی زیرەکانە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئەو
دوو وڵاتە ساڵی ٢٠٢٢، بەو پێیەی تورکیا سەرەڕای ئەندامێتی لە ناتۆدا ڕۆڵی
ناوبژیوانی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا گێڕا، بەڵام سەربارى
ئەم کرانەوەیە، کاریگەرییەکانی بە سنووردارى مایەوە،
چونکە تێڕوانینی ڕۆژئاوای بۆ تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێنەکراو نەگۆڕی، هەروەها
ئەنقەرە سەرکەوتوو نەبوو لە گەڕاندنەوەی ئەو ڕۆڵە ناوچەییە گەورەیەى
کە لە پێش ساڵی ٢٠١٣ بەدەستیهێنابوو.
بەشی چوارەم: ئاڵنگارییە
ناوخۆییەکان
بوومەلەرزە وێرانکەرەکە - تاقیکردنەوەی تواناكانی دەوڵەت
لە شوباتی ٢٠٢٣ بوومەلەرزەیەکی بەهێز
باشووری تورکیا و باکووری سوریای گرتەوە و بە هۆیەوە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە تورکیا
گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە گەیاند، بەتایبەتی لە شارەکانی وەک کاهرامان
مەڕەش، هاتای، غازی عەنتاب و ئادیامان. سەرەڕای گەورەیی کارەساتەکە، حکومەت ڕووبەڕووی
ڕەخنەی توندی هاوڵاتیان و ئۆپۆزسیۆن بووەوە بەهۆی هێواشی بەدەمەوەچوون و خراپی
هەماهەنگی هەڵمەتەکانی ڕزگارکردن و ڕەچاونەکردنى ستانداردەکانی سەلامەتی بیناسازی. شارەوانییەکانی
سەر بە پارتی دەسەڵاتدار بە گەندەڵی لە مۆڵەتی بیناسازی و پشتگوێخستنی یاساکان و
پێوەرەکانی مۆڵەتی بوومەلەرزە تۆمەتبارکران.
(بوومەلەرزەکە زیاتر سستى پێکهاتەی
ئیداریی ئاشکرا کرد تا لەرزۆکى پێکهاتەی بیناسازى شارەکان)
(16). ئەم ڕووداوە وێنەی حکومەتی لە ناوخۆدا
هەژاندو و پرسی کارایی ئیداری کردە تەوەری سەرەکی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی
٢٠٢٣دا. لەگەڵ
ئەوەشدا ئەردۆغان و پارتەکەی لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆماردا هەڵبژاردنەکانی
پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریان بردەوە. ئەمەش پرسیاری
جددی لەسەر تواناکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە ڕکابەریی ئەردۆغان و پارتەکەی
دروستکردووە.
قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری
تورکیا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی
یەکێک لە درێژترین قەیرانە ئابووریەکانی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەی کە خۆى لە
هەڵاوسان، بەرزى ڕێژەی بێکاری و هەروەها دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە دەبینێتەوە، لە
هەندێک مانگدا هەڵاوسان گەیشتە زیاتر لە ڕێژەى 85% ، نرخی دۆلار لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتە نزیکەی ٢٧ لیرە، قەرزی تایبەت و
کورتهێنانی بودجە زیادی کرد و یەدەگی دراوی بیانیش کەمیکرد. لەبەرامبەردا حکومەت هەوڵیدا بە بەرزکردنەوەی بڕی
کەمترین مووچە، پشتگیریکردنی
هەناردەکردن، پشتبەستن بە وەبەرهێنانەکانی وڵاتانی کەنداو دوای ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکان ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببێتەوە، بەڵام ئەم چارەسەرانە هۆکارە
پێکهاتەییەکانی قەیرانەکەی بنبڕ نەکرد و فشاری ئابووریش ڕۆژ بەڕۆژ لەسەر هاووڵاتیان
زیاتر دەبوو.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی 2023
سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان،
هەڵبژاردنی گشتی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ ئەنجامدرا، ئەو هەڵبژاردنە بە گرنگترین
تاقیکردنەوەی جەماوەری بۆ ئەردۆغان دادەنرا لە دوای هاتنە سەرکاری لە ساڵی ٢٠٠٣. ئەردۆغان وەک کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار (ئاکپارتی+ مەهەپە) لە
هەڵبژاردنەکاندا خۆی کاندید کرد. لەلایەن کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕکابەری
دەکرا کە کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوو بە ناوی هاوپەیمانی نەتەوە کە شەش پارتی
ئیسلامی عەلمانی و نەتەوەپەرست و میانڕەوی لەخۆگرتبوو. لەبانگەشەکانی هەڵبژاردن تیشک خرایە سەر
پرسی ئابووری، بەدەمەوەچوونى دەوڵەت بۆ بوومەلەرزەکەی
٦ی شوباتی ٢٠٢٣، پرسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و پرسی
پەنابەرانی سوریا. سەرەڕای چاوەڕوانی ئۆپۆزسیۆن بۆ
سەرکەوتن، بەڵام ئەردۆغان بە کۆکردنەوەى 52.2%ی دەنگەکان لە خولی دووەمی
هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شەرعیەتی بەهێزتر کرد و گەرەنتی خولی
سەرۆکایەتی تا ساڵی 2028ی مسۆگەرکرد (17).
ئۆپۆزسیۆنی لاواز و دابەشبوونی سیاسی
دوابەدوای شکستی هەڵبژاردن، ئۆپۆزسیۆن
چووە ناو دۆخێکی توندى دووبەرەکی و کەمبوونەوەى بنکەى جەماوەرییەوە،
بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکتر تۆمەتبار کردن لەناوهاوپەیمانی نەتەوەدا، هەروەها پارتی
گەلی کۆمری (جەهەپە) کە بە ڕابەر و ئاڵاهەڵگری بەرەی
ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، نەیتوانی دیدێکی ئابووری قەناعەت پێکەر بخاتەڕوو یان سەرنجی جەماوەرى پارێزکارڕابکێشێت بەلاى خۆیدا و دەنگەکانیان
بەدەست بهێنێت، ئەمەش دابەزینی بنکەى جەماوەری، لاوازی چاودێری پەرلەمانی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانی کۆمار زۆرینەی پەرلەمانیی
بەدەستهێنا.
بەردەوامی ئاڵنگارییەکان لە دوای ٢٠٢٣
سەرەڕای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان،
ئەردۆغان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بوویەوە، بۆ نموونە: زیادبوونی فشارەکانى شەقام بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە،
سەرهەڵدانی جوڵانەوەى ئەو لاوانەى کە داوای گۆڕانکارییان دەکرد بەبێ ئەوەی سەر بە
ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی بن، پرسی پەنابەرانی سوریا کە بارگرژی ناوخۆیی دروست کرد
و گوتارى ڕەگەزپەرستانەى پەرەپێدا، بەردەوامی فشارەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بەهۆى
کەم بوونەوەى ئازادییە گشتییەکان و پێشێلکارییەکانى مافەکانی مرۆڤ. ) ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی
بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ کات و شەقام و ئابووریدا چووەڕکابەرییەکی نوێی تاقەتپڕوکێنەوە) (18).
بەشی پێنجەم: تورکیا لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گۆڕاودا
گواستنەوەى قەیرانەکان بۆ 2025: تورکیا بە بارگرانی قەیرانە ئابووریی و کەڵەکەبوونی ئاڵنگارى سیاسی ناوخۆییەوە پێی نایە ناو ساڵی ٢٠٢٥، کە هاوکات بوو لەگەڵ چالاکییە دیپلۆماسی و سەربازییەکان لە دەرەوەی وڵات بە ئامانجى فراوانکردنی هەژموونی تورکیا. لیرەی تورکی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستدا (19)، ڕێژەی هەڵاوسان لە 44% بۆ زیاتر لە 68% بەرزبۆوە. ڕێژەی سوود لە 8.5% بۆ 40% هەڵکشانى بەخۆیەوە بینی لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان، بەڵام ئەم هەنگاوەش پاشەکشەی ئابووری قووڵتر کردەوە(20). ئەوەش کە ئەردۆغان وەک چارەسەر پێشنیارى کرد تێکەڵەیەک بوو لە ڕێکارى جیۆپۆلەتیکی (نزیکبوونەوە لە کەنداو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنان و میسر) لە بەرامبەر پاڵپشتی دارایی، گۆڕانکاری لە تیمی ئابووری (دامەزراندنی مەهمەت شیمشەک وەک وەزیری دارایی و حەفیزە ئەرکان وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی)، بەبێ چاکسازیی پێکهاتەیی ڕاستەقینە(21).
دیمەنی سیاسی ناوخۆ - لەدەستدانی شارەگەورەکان و پلان بۆ مانەوە
لەدەستدانی ئەستەنبوڵ و
ئەنقەرە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گورزێکی کەمەرشکێن بوو لە پارتی داد و
گەشەپێدان،
لە لایەکى دیکەوە پێشنیاری دەوڵەت باخچەلی
هاوپەیمانەکەی بۆ ئازادکردنی ئۆجالان لە بەرامبەر چەکدانانی پەکەکە و
خۆهەڵوەشاندنەوەی، دەرگای بەسەر ئەگەرى سیاسی گەورەدا کردەوە کە ڕەنگە ببێت بە فەریادڕەسێک بۆ
دەسەڵات. ئاکپارتی وەک
پلانێک بۆ مانەوە دەیەوێت ئەوپەڕى سوود وەربگرێت لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەى
پارتى کرێکارانى کوردستان کە ئامانج لێی دروستکردنی شۆکێکی میدیایی و جوانکردنى
وێنەی تورکیا بووە لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی پرسە
هەستیارەکانی ناوخۆی وەک دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی
ئیستەنبوڵ و شپرزەیی درێژخایەنی قەیرانی ئابووری. ئەردۆغان هەوڵدەدات کۆدەنگی کورد- نەتەوەپەرستەکان
مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی دەستورێکی نوێ بە سیمایەکی ئیسلامییەوە دابڕێژرێتەوە تا بتوانێت
جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کاندید بکاتەوە.(22)
سیاسەتی دەرەوە - مانۆڕکردن لە نێوان کێڵگەى میندا
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، تورکیا کاردەکات
لەسەر پێکهێنانی ڕژێمێکی نزیک لە خۆی لە دیمەشق، کە گەرەنتی سنووردارکردنى کورد، گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، دیاریکردنی سنوورە
دەریاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست مسۆگەر بکات(23). بەڵام ئەو ڕژێمەی لە سوریا
تورکیا پشتیوانی دەکات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی وەک نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، نیگەرانی عەرەب لە هەژموونی
ئیسلامی، هەڕەشەی ڕێکخراوە جیهادییەکان بووەتەوە، ئەمەش پڕۆسەکە قورستر دەکات.(24)
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت کە لە
لایەک بە بارگرژیی دولایەنە و لە لایەکی دیکەوە بەهەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە تایبەتمەندە.
ئەمەش بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی پرسە ئاڵۆزەکانى وەک هەڵوێست بەرامبەر بە حەماس و
شەڕی غەززە و ڕۆڵی کورد لە سوریا.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە تشرینی دووەمى ٢٠٢٣، تورکیا
بە سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوێستێکی توندی لە دژی ئیسرائیل گرتەبەر و بە
دەوڵەتێکی تیرۆریستی ناوزەندى کرد کە جینۆساید دژی بەفەلەستینییەکان ئەنجام دەدات، هەروەها پێشوازی لە شاندەکانی حەماس کرد
و ڕەتیکردەوە بزووتنەوەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەند بکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ
پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکایە. ئەم هەڵوێستە واشنتۆنی تووڕە
کرد و بووە هۆی داخستنى هەندێک کەناڵی وتووێژی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە مانگەکانی
یەکەمی شەڕدا.
سەرەڕای گرژییەکان، تورکیا هەوڵی دا هەندێک کەناڵی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی
بایدن بپارێزێت، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێککەوتنی F-16 کە
ئەولەویەتی سەربازیی سەرەکییە بۆ ئەنقەرە. ڕێککەوتنەکە
بریتییە لە نوێکردنەوەی فڕۆکەکانى جۆرى ئێف 16ی تورکیا و کڕینی فڕۆکەی نوێ، ئەم
کارەش تا ئاستێک بەسترایەوە بە ڕەزامەندى تورکیا لەسەر ئەندامێتی سوید لە ناتۆ. لەلایەکى دیکەوە پرسی
هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەکێکى دیکەیە لە کێشە
ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات. تورکیا
یەپەگە بە درێژکردنەوەی ڕاستەوخۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، واشنتۆنیش
وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە شەڕی داعشدا دەیبینێت.
سەرباری ناکۆکی سیاسی، ئەنقەرە و واشنتۆن بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان لە
پرسەکانی وەک دەریای ڕەش، چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ڕووسیا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
لە دەرەوەی سوریا و پرسی ئۆکرانیا. تورکیا
هەوڵدەدات کارتە جیۆپۆلەتیکییەکانى خۆی بەکاربهێنێت تا ئەمریکا ناچار بکات ملبدات
بۆ جێبەجێکردنى خواستەکانى تورکیا بەبێ ئەوەی پردەکانی هاوکاری نێوانیان بەتەواوەتى
بڕوخێت. (25)
مانۆڕکردن لە ئۆراسیا و دەریای ڕەش
تورکیا سیاسەتێکی جیۆپۆلەتیکی
ورد و ئاڵۆز لە ناوچەی ئۆراسیادا پەیڕەو دەکات، هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی
لەگەڵ ڕووسیا و پابەندبوونەکانی بە ناتۆ و ڕۆڵی ناوچەیی لە دەریای ڕەشدا ڕابگرێت، بەبێ
ئەوەی بکێشرێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکى ڕاستەوخۆوە.
تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندییە
ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بەهێزتر بکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک هێڵی بۆری تورکستریم،
کە غازی ڕووسیا لە ڕێگەی تورکیاوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوروپا. لەهەمان کاتدا، تورکیا دان بە
گرنگی ئەندامێتی لە ناتۆدا دەنێت و هەوڵدەدات پێش بە داڕمانی متمانە لەگەڵ ڕۆژئاوا
بگرێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی گرژیی نێوان ڕووسیا و ناتۆ.
تورکیا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە
ڕێککەوتنی دانەوێڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و
وێنەی خۆی وەک گەمەکارێکى هاوسەنگ نمایش کرد، لە لایەکى دیکەوە ڕەتیکردەوە دان بە لکاندنی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا بنێت بە ڕووسیاوە،
بەڵام وەک ئەوروپا سزای هەمەلایەنەی بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندووە.
لە دەریای ڕەش-یش تورکیا هەوڵدەدات بەر بە بەسەربازیکردنی دەریای ڕەش لەلایەن ناتۆ یان ڕووسیا بگرێت
و ڕۆڵی سەرەکی لە چاودێریکردنی بازرگانی دەریایی و پاراستنی ئاسایشی دەریای ڕەش لە
چەتەی دەریایی و مین بگێڕێت.(26)
بەشی
شەشەم: بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى
کوردستان وەک ئاڵنگارى
نوێى دەسەڵات
بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان (پکەکە)
لە (٥-٧)ی ئایاری ٢٠٢٥ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆنگرەی نائاسایی دوانزەیەمی ئەنجامدا و لە ڕاگەیەنراوێکدا لە
١٢ی ئایار هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتایی هاتنی خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند. لە بەیاننامەی کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەرکی مێژوویی پەکەکە
تەواو بووە و رێگای دیموکراسی تاکە چارەسەرە. ئەو ڕاگەیاندنە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی نهێنی نێوان سەرکردە و
نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیاش هات، لەوانە نێوەندگیری پارتی یەکسانی و دیموکراسی
گەلان (دەم پارتی) و وەفدی ئیمراڵی، هەروەها لە پرۆسەکەدا ڕاوێژ لەگەڵ پەیەدە و
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق ئەنجامدراوە (27). کاتی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەکە ناتوانرێت لە دۆخی ناوچەیی و
نێودەوڵەتی و بەتایبەت پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا جیابکرێتەوە. لەگەڵ بەردەوامیی
هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی
سووریا، پرسی پەکەکە وەک ڕەگەزێکى ناوەندی لە هەر لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئەنقەرە و
واشنتۆن دەمێنێتەوە.
داماڵینی چەک لە پارتی
کرێکارانی کوردستان بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی ئەژماردەکرێت لە یەکێک لە ململانێ درێژخایەنەکانى
ناوچەکە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە بەتایبەت عێراق
و هەرێمى کوردستان هەیە، وەک عێراق داواکارییەکانى دەرکردنى هێزەکانى تورکیا لە
عێراق ڕوو لە هەڵکشان دەکات و وەک هەرێمیش پارسەنگى هێز لە بەرژەوەندى پارتى
دیمورکاتى کوردستان دەگۆڕێت لە بەرامبەر یەکێتى نیشتیمانى کوردستان(28).
لەگەڵ ڕاگەیاندنی
هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی و کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکداری لەلایەن
پەکەکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتارێکی نوێی لەسەر بنەمای
هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێى پەسەند کرد، بەڵام بەمەرجی جێبەجێکردنی بەڵێننامەى پڕۆسەى داماڵینی
چەکى پارتەکە لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگریی نیستیمانیی تورکیا (میت) لە سوریا و عێراق. لەو چوارچێوەیەشدا
حکومەت پڕۆژەیاسایەکی پێشنیارکردووە، کە بڕیارە تا مانگی حوزەیران بخرێتە بەردەم
پەرلەمان، کە ئازادکردنی مەرجداری زیاتر لە 60 هەزار زیندانی
لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی کورد کە لە ساڵی 2016ەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "ڕێکخراوێکی
تیرۆریستی" دەستگیرکراون.(29)
ئاڵنگارى نوێى دەسەڵات
بیست ساڵە فەرمانڕەوایی ئاک پارتی لە
سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و زیاتر لە چل ساڵە مەهەپە، کار لەسەر
تەخوینکردنى پەکەکە دەکەن. ئەم گوتارە بەردەوام بووە لە سڕینەوەى شوناسی کورد و وەک
دوژمنێکی ناوخۆیی لێیڕوانیوە و تاکى تورکی هەر لە منداڵییەوە گۆشکراوە لەسەر
ڕەتکردنەوەى بوونى کورد و پەکەکەش وەک هەڕەشەیەکی بنەڕەتی بۆ سەر ناسنامەی تورک
وێنا کراوە. مەهەپە بە سەرۆکایەتی دەوڵەت
باخچەلی ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هاندانی هەستی دژە کورد. ئەو پارتە
بەشێوەیەکی تووند هەر جۆرە ئاشتییەکى لەگەڵ کورد یان پێدانى ماف و دەستکەوتێک
بۆ کورد ڕەتکردووەتەوە و پێی وایە دانوستان لەگەڵ کورد و پەکەکە دەبێتە هۆی پشێوی
زیاتر و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. (30) بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی
دوور و درێژی تەخوین و
ناشرینکردنى وێنەى کورد، سروشتییە گەلی تورکیا بەزەحمەت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد
قبوڵ بکات. جەماوەرێک کە لەسەر ئەو بیرۆکەیە وروژێنراوە کە پەکەکە مەترسییەکی گەورە بووە
لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، ڕەنگە بەزەحمەت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو
تێڕوانینانە بگۆڕێت. نەتەوەى تورک پێی
وایە دانوستان لەگەڵ پەکەکە دەتوانێت ببێتە هۆی پێدانى ماف و دەستکەوتی زیاتر بە
کورد کە دەتوانێت هەڕەشە لە سەر ناسنامەی نەتەوەیی تورکیا دروست بکات.(31) بەرزبوونەوەی
پێوەرەکانی بازاڕی بۆرسەی تورکیاش لە دوای ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
مەرج نییە متمانەی ڕاستەقینە دەربخات، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتە ئابوورییە
جیهانییەکان. دامەزراوە داراییەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە باشتربوونی بەهاى لیرە بۆ
پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە، لەوانە کەمبوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی
نێوان ئەمریکا و چین و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە-وە نییە. هەروەها هەندێک لە
شرۆڤەکاران ئاماژەیان بە دابەزینی بەهای پشکەکانی بەشێک لە کۆمپانیاکانی پیشەسازی
بەرگری تورکیا لە هەمان ڕۆژدا کردووە، وەک ئاسێلسان.(32).
بەشی
حەوتەم: چەند پێشبینییەک بۆ دەیەی داهاتووى دەسەڵاتی ئەردۆغان (٢٠٢٥-٢٠٣٥)
درێژەدان بە حوکمڕانی بە فۆرمێکی پاوانخوازانە: ئەردۆغان و هاوپەیمانی گەل بە سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەری بە سیاسی کراو، میدیای ئاراستەکراو، کۆنتڕۆڵکردنى سوپا و میت-ەوە.
دووبارە جێگیرکردنەوە دەستەبژێرە سیاسی و بیرۆکراتیەکان لە پۆستە گرنگەکاندا: ئەردۆغان پشت بەو دەسەبژێرە سیاسی و بیرۆکراتییانە دەبەستێت کە نزیکن لە خۆیەوە وەک بزنس مانە ئیسلامییەکان، سەرۆک شارەوانییکانى پێشوو، سەرکردە ناوخۆییەکان، لە هەمانکاتدا سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن وەک ئەکرێم ئیمامئۆغڵو یان مەنسور یاڤاش بە ستراتیژی یاسایی و ئیداری پەراوێز دەخرێن.
درێژەدان بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ناوچەیی: پێشبینی دەکرێت تورکیا دەستوەردانى لە کاروبارى ناوخۆیى سوریا، لیبیا، خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، قەفقاز و ئاسیاى ناوەند زیاتر بکات و پەیوەندییەکانى بە شێوەیەکى هاوسەنگ لە نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوادا ڕابگرێت.
بەردەوامبوونى قەیرانى ئابوورى: سەرەڕای بانگەشەی تورکیا بۆ گەشەی ئابوورى، پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی هەڵاوسان بە بەرزی بمێنێتەوە و زیاتر پشت ببەسترێت بە کەنداو و سەرمایەی چین بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەیرانە.
دەرەنجام
لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان، تورکیا
گواستنەوەی ڕوونى بەرەو سەقامگیری و گەشەی ئابووری و کرانەوەی ڕێژەیی سیاسی بەخۆوە
بینی، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی بنکەى جەماوەریی لە سەر ئاستی ناوخۆ و قبووڵکردنى
مۆدێلى حوکمڕانییەکەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی. لە دەیەى دووەمى دەسەڵاتى ئەردۆغاندا،
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینی، لە مۆدێلی نێوەندگیری سەرکەوتوەوە
گۆڕا بۆ لایەنێکی دەستێوەردانکار و لە سیاسەتی سفرکردنەوەی کێشەکانەوە گۆڕا بۆ سیاسەتی بوون لە چەندین
بەرەی شەڕى کراوەدا. ئەم
ناجێگیرییە، بووە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لە هاوبەشە ناوچەییەکان و ناسەقامگیریی لە پێگەی
نێودەوڵەتیی تورکیادا دروست کرد.
هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کۆتایییەکی یەکلاکەرەوەی
ململانێیەکی دەیان ساڵە نییە، بەڵام دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی شەڕێکى
درێژخایەن. سەرکەوتنی پرۆسەکە پەیوەستە بە ڕاستى نیازەکان و شەفافیەتی ڕێکارەکان و
بوونی گەرەنتی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و دەرەکی. گۆڕانی لەناکاوی هەڵوێستەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، لە ئیدانەکردنی توندی پەکەکەوە بۆ قبوڵکردنی پرۆسەی ئاشتی، یەکێکە
لە گەورەترین ئاڵنگارییە سیاسییەکان
کەڕووبەڕووى ئەردۆغان و دەوڵەتى قووڵ دەبێتەوە لە تورکیا.
ئەردۆغان سەرکەوتوو بوو لە قۆستنەوەى
گۆڕانکارییەکانی سوریا لە بەرژەوەندى خۆى بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێت لە
داهاتوودا شەڕى هێشتنەوەى ئەحمەد شەرع بکات لە بەرەى تورکیا لە بەرامبەر هەژمونى
ئەمریکا، ئەوروپا، وڵاتانی
عەرەبی و کەنداو.
سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئەردۆغان توانای
خۆگونجاندنى هەیە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکاندا و بەمەش ئەگەری بەردەوام بوونی لە دەسەڵاتدا
بۆ ساڵانی داهاتوودا بەهێزتر دەبێت.
سەرچاوەکان
بارکی، هنری ج. (2002). حزب العدالة والتنمية التركي. التاريخ المعاصر (Current History)، العدد 101(651)، ص 389–395.
https://online.ucpress.edu/currenthistory
چاغاپتای، سونر. (2014). صعود تركيا: أول قوة مسلمة في القرن الحادي والعشرين. دار نشر بوتوماك.
https://www.potomacbooksinc.com
البنك الدولي. (2014). نظرة عامة على تركيا.
https://www.worldbank.org/en/country/turkey
صندوق النقد الدولي. (2013). تركيا: ورقة قضايا مختارة. تقرير البلد رقم 13/364.
https://www.imf.org/en/Publications/CR/Issues/2016/12/31/Turkey-Selected-Issues-41111
يافوز، حكان. (2009). العلمانية والديمقراطية الإسلامية في تركيا. مطبعة جامعة كامبريدج.
https://www.cambridge.org/core/books/secularism-and-muslim-democracy-in-turkey
ألتونشِك، ملك بينار & مارتن، لین گینس. (2011). فهم السياسة الخارجية التركية في الشرق الأوسط تحت حكم حزب العدالة والتنمية." دراسات تركية (Turkish Studies)، العدد 12(4)، ص 569–587.
https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/14683849.2011.622509
زاراكول، آیست. (2014). احتجاجات غزي وأزمة الديمقراطية التركية. مراجعة تركية (Turkish Review)، العدد 4، ص 104–109.
https://turkishreview.org
زكريا، فريد. (2013). قناع الديمقراطية لدى أردوغان يتشقق." واشنطن بوست.
https://www.washingtonpost.com
هيومن رايتس ووتش. (2017). شيك على بياض: حملة القمع بعد محاولة الانقلاب في تركيا.
https://www.hrw.org/report/2017/02/14/blank-check/turkeys-post-coup-crackdown
أوزبودن، أرتغرول. (2018). الرئاسية التركية: من السلطوية إلى الحكم الفردي. مجلة مجتمع وسياسة جنوب أوروبا، العدد 23(4)، ص 559–581.
https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/13608746.2018.1529656
بيانات صندوق النقد الدولي. (2023). التضخم في تركيا: الاتجاهات والتحديات.
https://data.imf.org
الإيكونوميست. (2022). "سوء إدارة الاقتصاد التركي: رئيس يتحدى علم الاقتصاد.
https://www.economist.com
فريدوم هاوس. (2023). تقرير الحرية في العالم: تركيا.
https://freedomhouse.org/country/turkey/freedom-world/2023
شتاين، آرون. (2017). "الخريطة الاستراتيجية الجديدة للشرق الأوسط. المجلس الأطلسي (Atlantic Council).
https://www.atlanticcouncil.org
حسين، فادي. (2019). السياسة الخارجية التركية بعد الربيع العربي. مركز كارنيغي للشرق الأوسط.
https://carnegie-mec.org
16.دويتشه فيله. (2023). تركيا بعد الزلزال: ماذا يقول المواطنون عن أداء الحكومة؟
https://www.dw.com/ar
TRT وورلد. (2023). أردوغان يفوز في جولة الإعادة للانتخابات 2023.
https://www.trtworld.com
BBC عربي. (2023). أردوغان في عهدة جديدة... إلى أين تتجه تركيا؟
https://www.bbc.com/arabic
19.فايننشال تايمز –الليرة تنهار وسط تصاعد التضخم في تركيا.
https://www.ft.com
20.المونيتور –البنك المركزي التركي يرفع سعر الفائدة إلى 40%".
https://www.al-monitor.com
21.بلومبرغ –أردوغان يراهن على الجغرافيا السياسية لدعم اقتصاد تركيا،
https://www.bloomberg.com
22.ميدل إيست آي –الدستور الجديد لأردوغان في ظل صفقة مع حزب العمال الكردستاني،
https://www.middleeasteye.net
23.الغارديان –سوريا بعد الأسد: هل تصبح الحدود المقبلة لتركيا؟، ديسمبر 2024.
https://www.theguardian.com
24.العربية –الدول العربية تحذر من التوسع التركي في المنطقة، يناير 2025.
https://www.alarabiya.net
25.ديفنس نيوز –تركيا تأمل بصفقة طائرات F-16 خلال رئاسة ترامب، مارس 2025.
https://www.defensenews.com
26.تي آر تي وورلد –ممر زانكيزور: ساحة جديدة للتوتر بين تركيا وإيران، فبراير 2025.
https://www.trtworld.com
27.محمد هادیفر: تحولات پس از انحلال پ.ک.ک. https://n9.cl/w2rjsb
28.محمد آلچا – ميدل ایست آی: پیامدهای خلع سلاح پ.ک.ک برای بغداد و اربیل. https://n9.cl/da62o
29.کرد پرس: احتمال آزادی مشروط زندانیان کُرد پس از انحلال پ.ک.ک. https://n9.cl/0zw16
30.مع اقتراب الانتخابات في تركيا، خطاب أردوغان المعادي للأكراد يغذي القمع: https://www.kurdishpeace.org/research/democracy/as-elections-approach-in-turkey-erdogans-anti-kurdish-rhetoric-fuels-repression
31.أصوات تركيا: رأي الشعب في عملية السلام: https://eismena.com/en/article/voices-of-turkey-the-peoples-opinion-on-the-peace-process-2025-05-14eismena.com+1P.A. Turkey
32.سهم تركيا تقفز، والسندات ترتفع مع إضافة حل حزب العمال الكردستاني إلى ارتياح التجارة https://www.reuters.com/world/middle-east/turkish-stocks-jump-bonds-climb-pkk-disbandment-adds-trade-relief-2025-05-12
