باخچەی ئاژەڵانی "ئالبۆرگ" لە باکووری دانمارک، دوای داواکردنی لە خەڵک بۆ بەخشینی ئاژەڵە ماڵیە ناویستراوەکانیان وەک خواردنێک بۆ ئاژەڵە دڕندەکانی وەک شێر و پڵنگ، مشتومڕێکی بەرفراوانی لەو وڵاتەدا وروژاند.
ئەم داواکارییە کە کەروێشک، مریشک، بەرازە غینی و تەنانەت ئەسپە بچووکەکانیش دەگرتەوە، بەمەبەستی "پاراستنی ڕەفتاری سروشتی" ئاژەڵە دڕندەکان بوە.
کارگێڕی باخچەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئاژەڵە بەخشراوەکان پێش پێشکەشکردنیان، "بە بێ ئازار سەردەبڕدرێن"، هەروەک جێگری بەڕێوەبەری باخچەکە، پیا نیلسن، ئەم داواکارییەی بە پڕاکتیکێکی سروشتی و ساڵانە لە دانمارک بۆ هاوشێوەکردنی سروشت هەژمار کردوە.
ئەم داواکارییە ناڕەزایەتییەکی فراوانی لە سۆشیال میدیادا لێکەوتەوە، بەتایبەت لەلایەن چالاکوانانی مافی ئاژەڵانەوە کە وەک "دڕندەیی" و "دڵڕەقی" و پێشێلکردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵیەکانیان وەسفیان کرد.
ئەم ڕوداوە یەکەمجار نییە، چونکە پێشتر هەمان باخچەی ئاژەڵان تووشی ڕەخنە ببوو بەهۆی کوشتنی دوو فیل، هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی دانیمارکیش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەتەوە بەهۆی شێوازەکانی خواردن پێدان یان کوشتنی هەندێک ئاژەڵ.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی