وەزیری نەوت خواستی عێراقی بۆ كاراكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك بانیاس دەربڕی...ڕێككەوتن كرا

عیراق

12/08/2025‌ 273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق خواستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك-بانیاس ده‌ربڕی، لەگەڵ وەزیری وزەی سوریاش ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕاسپاردنی تیمی ته‌كنیكی و ڕاوێژكاری هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئێستاو پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ چاودێریکردنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان.


ئاژانسی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ سوریا "سانا" بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د به‌شیر وه‌زیری وزه‌ی سوریا، و شاندی یاوه‌ری له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی‌ عێراق، كۆبوه‌وه‌ و تاوتوێی هاوكاریی وزه‌یان له‌ نێوان هه‌ردولادا كرد.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌میانی دیداره‌كه‌دا، محه‌مه‌د به‌شیر باسی له‌دۆخی كه‌رتی وزه‌ی سوریا كرد و وتی‌،"سوریا جگه‌ له‌ به‌رهه‌می ناوخۆ، مانگانه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو هاورده‌ ده‌كات، بۆ دابینكردنی پێداویستی هاوڵاتیان".

جه‌ختیشی له‌گرنگی به‌ستنه‌وه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی نێوان سوریا و عێراق كرده‌وه‌، وتی: "بۆری نه‌وتی نێوان و به‌نده‌ری بانیاس زۆر كۆن بوه‌ و پێویستی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌".

 حه‌یان عه‌بدولغه‌نی‌ وه‌زیری نه‌وتی عێراق خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی هێڵی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- بانیاس ده‌ربڕی و پێشنیازی كرد راوێژ به‌ لایه‌نێكی‌ تایبه‌تمه‌ند بكه‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی‌ ئێستا و ئه‌گه‌ری‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ یان یان دروستكردنی‌ بۆرییه‌كی نوێ.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا غیاس دیاب یاریده‌ده‌ری وه‌زیری وزه‌ی سوریا بۆ كاروباری نه‌وت باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ وێستگه‌كانی په‌مپكردن به‌درێژایی رێڕه‌وی بۆرییه‌كه‌ نیمچه‌ وێرانن و پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی گشتگیر هه‌یه‌، له‌وانه‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆری و تانكی و په‌مپه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژێرخانی كاره‌با و كاره‌ مه‌ده‌نییه‌كان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌ كۆنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی بۆرییه‌كی نوێ، سودی‌ ئابوری گه‌وره‌یان هه‌یه‌.

هه‌ردولا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕاسپاردنی تیمی ته‌كنیكی و ڕاوێژكاری هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئێستا و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ماهه‌نگی ڕاسته‌وخۆی پڕۆژه‌كانی هاوكاریی.

نیسانی رابردوو عێراق شاندێكی فه‌رمیی باڵای ره‌وانه‌ی سوریا كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جه‌دوای‌ ته‌كنیكی و ئابووری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كارپێكردنی بۆری كه‌ركوك- بانیاس كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین رێگاكانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

تێچووی سه‌ره‌تایی خه‌مڵێنراو بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌ كه‌ له‌ساڵی 2003دا زیانی پێگه‌یشتوه‌ و له‌و كاته‌وه‌ پشتگوێ خراوه‌، له‌ نێوان 300 بۆ 600 ملیۆن دۆلاردایه‌.

بۆرییه‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ باكوری عێراق تا به‌نده‌ری بانیاس له‌ كه‌ناره‌كانی سوریا، له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست درێژده‌بێته‌وه‌.
ش.ح