21 ملیۆن زیاره‌تكار چونه‌ته‌ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا.. زانیاریى شۆكهێنه‌ر ئاشكرابون

عیراق

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبەشدارى زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار ڕێوڕەسمى چلەى ئیمام حسێن کۆتاییهات‌، لەمەراسیمه‌كه‌دا 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوەو زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک به‌بێبەرامبەر، بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە، موقتەدا سەدریش داواى هەڵمەتى پاکردنەوەى هەردوو شارى نەجەف‌و کەربەلا دەکات.


عەتەبەى عەباسى لەعێراق ڕایگەیاند، 21 ملیۆن‌و 103 هەزارو 524 زیارەتکار بەشدارییان لەچلەى ئیمام حسێن-دا کردوه‌.

لاى خۆیشیه‌وه‌ پارێزگاری نەجەف لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کامێراکانی چاودێریی لەپارێزگاکەدا، هاتنی 17 ملیۆن زیاره‌تكاریان بۆ نەجەف تۆمارکردوە".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى نیشتمانیی شیعه‌ لەعێراق، داوادەکات هەڵمەتێکى دوو ڕۆژە بۆ پاكکردنەوەى هەردوو پارێزگاى نەجەف‌و کەربەلا بەهاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.

لەلایەکى دیکەوە ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرایكردوه‌، لەمەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوەو زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک به‌بێبەرامبەر، بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە.

هه‌ر له‌و ڕوه‌وه‌ ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی، ڕاپۆرتێکی شۆکهێنەری لەبارەی ئەو ئاوو خۆراکانەوە بڵاوکردوەتەوە کە لەمەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا دابەشکراوە، کە پێشتر هاوشێوەی نەبوە.

ناوه‌نده‌كه‌ ده‌ڵێت:"به‌گوێره‌ى ئامارە سەره‌تاییەکان، لەمەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی ڕابردوو لەکەربەلا بەڕێوەچوو، زیاتر لەسێ ملیارو 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە، هەر زیاره‌تكارێكى چلە، ڕۆژانە لانیکەم 45 پەرداخ ئاوی بەرکەوتوە، هەر پەرداخه‌ ئاوێكیش بە 170 ملیلیترو هەر شەش پەرداخێکیش بەیەک لیتر خەمڵێنراوە".

ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنها ئاوی خواردنەوە بون، جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک‌و پاککردنەوەو پێداویستییەکان دیکەی ڕۆژانە بەکارهاتون.

ناوەندەکە ڕاپۆرتێکی دیکەی لەسەر بڕی خۆراکی دابەشکراو بڵاوکردوەتەوەو ئاشکرایکردوە، لەمەراسیمی چلەدا زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە، کە هەر زیارەتکارێک بەتێکڕا ڕۆژی پێنج ژەمە خۆراکی بەرکەوتوە، وەک ژەمی سەرەکی لەمەراسیمی چلەدا.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەوە ژەمە سەرەکیی‌و دیارەکانە جگە لەهەزاران ژەمەخۆراکی دیکە کە لەلایەن خێرخوازان‌و لەسەر ڕێگه‌ سەرەکییەکان بەسەر سەردانیکاران‌و زیارەتکاراندا دابەشکراوە".