شارپرێس:
31 وڵاتی عەرەبیو ئیسلامیی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوكردوهتهوهو تێیدا بەتوندی بەرامبەر لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لەبارەی پلانو ئاواتەکانی بۆ بەدیهێنانی ئیسرائیلی گەورە هاتونهتهدهنگو دژایهتى دهكهن، عێراقیش یهكێكه لهو وڵاتانه.
لهبەیاننامەکەدا هاتوه، "ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ هەڕەشەو سوکایەتییە بۆ ئاسایشو بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، هەروەها دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایشو سەروەریی وڵاتانی عەرەبیو ناوچەکە".
باسیان لهوهشكردوه، "وڵاتە عەرەبیو ئیسلامییەکان هەموو ڕێگەچارەیەک دژی ئەم هەوڵانە دەگرنەبەر، بەڕەچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانو جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان".
بەیاننامەکە بەتوندی دژی ڕەزامەندی "بتسرئیل سمۆتریچ" وەزیری دارایی ئیسرائیل بۆ پلانی نیشتەجێبون لەناوچەی E1 لەبارەی بونیادنانی دەوڵەتی فەڵەستین وەستایەوە، پێیانوایە ئەمە هێرشە بۆسەر مافی گەلی فەڵەستین بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆییو قودسیش ببێت بەپایتەختی.
جەختیان لهوهشكردوهتهوه، ئیسرائیل هیچ سەروەرییەکی لەسەر خاکی فەڵەستین نابێت.
وڵاتە عەرەبیو ئیسلامییەکان هۆشداریی لەنیازی ئیسرائیل بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆییو خاکی ژێر دەسەڵاتی لەناوچەی کەناری ڕۆژئاوا دەدەن، دهشڵێن، "کەرتی غەززە بەشێکی جیانەکراوەیە لەخاکی فەڵەستینو دەبێت لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستیندا بێت، داواش لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو بەتایبەتی وڵاتانی هەمیشە ئەندام لەئەنجومەنی ئاسایشو نەتەوەیەکگرتوەکان دهكهین، ئەرکی یاساییو ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێبکەن بەوەی، داوا لەئیسرائیل بکەن بەزوترینکات دەستدرێژیی بۆسەر خاکی فەڵەستین ڕابگرێت".
بەیاننامەکە، 31 وڵاتی عەرەبیو ئیسلامیی کە لەنێوانیاندا کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیو ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیو ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو هەیە، دوای لێدوانەکانی ناتانیاهۆ هات، کە لەچاوپێکەوتنێکیدا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەرکە سیاسیو ڕۆحییەکەی ئەو، بونیادنانی دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورەیە.
ئەو هەڵوێستەی ناتانیاهۆ هاوشێوەیە لەگەڵ چەند هەڵوێستێکی پێشوی وەزیری دارایی ئیسرائیل، بتسرئیل سمۆتریچ کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئاواتخوازە بەشێک لەخاکی فەڵەستینو ئوردنو سوریاو لوبنانو عێراق بخرێتە پاڵ خاکی ئیسرائیلەوە.
