ئێران بۆ عێراق: بەخشندەیی‌و سەخاوەتتان فێری جیهان کرد

عیراق

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپەیامێکدا سوپاس‌و پێزانین ئاراستەی دەوڵەت‌و گەلی عێراق دەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەنێو هەموو دیمەنە جوانەکانی ئەربەعیندا، وێنەی دڵە پاکەکانی خەڵکی عێراق یەکێکن لەجوانترین وێنەکان"، ده‌شڵێت:"ئێوه‌ى عێراقیه‌كان، بەخشندەیی‌و سەخاوەتتان فێری جیهان کرد".


دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن‌و گەڕانەوەی زیارەتکاران، باڵیۆزی ئێران لەبەغدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ په‌یامی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ى ڕاگه‌یاندو وتى:"ستایشی میوانداریی‌و بەخشندەیی خەڵکی عێراق ده‌كه‌ین".

باڵیۆزی ئێران به‌ناوى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "لەو ڕێگه‌یەی کە بەکەربەلا کۆتایی دێت، خۆشەویستی مانا وەردەگرێت‌و دڵسۆزی بەرجەستە دەبێت، لەنێو هەموو دیمەنە جوانەکانی ئەربەعیندا، وێنەی دڵە پاکەکانی خەڵکی عێراق یەکێکن لەجوانترین وێنەکان".

نوسیویه‌تى، "ئێوە خاوەن مەوکب‌و میواندارێکی بێ نمایش بون، لەم ڕێڕەوە نورانییەدا، کە ڕێڕەوی دەرکەوتنی مەهدیی چاوەڕوانکراوە، تەنها ماڵەکانتان نەکردەوە، بەڵکو دڵتان بۆ زیارەتکاران کردەوەو واتای بەخشندەیی‌و سەخاوەتتان فێری جیهان کرد".

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو، پێشوازیی لەچوار ملیۆن‌و 100 هەزار زیارەتکار لە 140 وڵاتی جیاوازەوە کراوە، هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی زیارەتکاراندا، پێشوازییان لەگەڕانەوەی سێ ملیۆن زیارەتکار کردوە.

هاوكات عەتەبەى عەباسى لەعێراق ڕایگەیاند، 21 ملیۆن‌و 103 هەزارو 524 زیارەتکار بەشدارییان لەچلەى ئیمام حسێن-دا کردوه‌.

لاى خۆیشیه‌وه‌ پارێزگاری نەجەف لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کامێراکانی چاودێریی لەپارێزگاکەدا، هاتنی 17 ملیۆن زیاره‌تكاریان بۆ نەجەف تۆمارکردوە".

ساڵانە ملیۆنان زیارەتکار لەناوخۆی عێراق‌و وڵاتانی جیهانەوە بەرەو شاری کەربەلا بەڕێدەکەون بۆ بەشداریکردن لەڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن.