شارپرێس- بەهرۆز جەعفەر
هەتا بکرایە؛ کوردستان خۆی پیاچوونەوەی ڕیشەیی بە پرۆسە
نەوتییەکان بەتایبەتی و سێکتەری وزە بەگشتی کردبایە؛ ئەوە باشتر بوو، کاتێک ئەوە
ناکرێت (نایکەن؛ چوونکە پەنجا جار دیدگای ڕۆشنمان بڵاوکردەوەو لێکوڵینەوەی زانستییمان
پێشکەشکردن)؛ پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بانگهێشتی حکومەتی فیدراڵی بکات سەرپەرشتی
پرۆسەکە بکات:
یەکەم: ئەمە ناوی
"تەسلیمبوون" نییە؛ چوونکە جێگری سەرۆکی سۆمۆ کوردە، جێگری وەزیری نەوت کوردە، سەرۆک کۆمار کوردە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان
و نیزیکەی (٦٠) پەرلەمانتار کوردن، وەزیرانی دەرەوە، داد، ئاوەدانکردنەوەو ژینگە
کوردن، ماڵی خوالێخۆشبوو مام جەلال و کاک مەسعود لە بەغدادن و کورد دەیانپارێزێت
(لەو ماڵانەدا دەوڵەتی عێراق خرایەوە سەر پێ). لە دەستوریشدا هەرێمی کوردستان مافەکانی
باسکراوەو ددان پیانراوە؛ تەنانەت ماڵی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقیش "فواد
مەعسوم" لەبەغدایە؛ سەدان بەڕێوەبەری
گشتی و فەرماندەی سەربازیی و جێگری وەزیری ناوخۆ کوردن و لەبەغدادن. ئەمە بۆچی وشەیەکی
دیکە نادۆزنەوە جگە لە "تەسلیمبوون"
و "تەسلیم کردن"!
دووەم: نەک ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران و بەریتانیا بەڵکو
هەموو وڵاتانی جیهان لە چوارچێوەی عێراقدا هەرێمی کوردستان دەبینن.
سێهەم: کە هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشی و هەر خۆت دەڵێت
"هیچ داهاتێکمان دەست ناکەوێ! و هەمووی کۆمپانیاکان دەیبەن! بۆچی بەغدا و سۆمۆ
نەیفرۆشن؛ کە نرخەکەی زیاتر لە (٢٠) دۆلار گرانترە بۆ هەر بەرمیلێک؟!
چوارەم: سۆمۆ بیفرۆشێت، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی
کوردستان زیاتر دەکات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە پاڵ سۆمۆ وە برەو بە دیبلۆماسییەت
و هێزی ئابوریی خۆی بدات.
پێنجەم: نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین دەکات، چوونکە گرژییە
جیۆپۆڵەتییکییەکان لە ناوەند مەودادا کەمتر دەبنەوە؛ ئەگەر سبەی ئەنجامی کۆبونەوەی
نێوان ترەمپ و پۆتین باش بێت؛ بەدڵنیاییەوە نرزی وزە لە بازاڕی ئابوریی جیهانیدا
دادەبەزێت. لە دۆخێکی وادا هەرێمی کوردستان چی پێدەکرێت؛ (هیچ)؛ هەرێمی کوردستان
نرخی بەرمیلێک نەوت (١٠٠ دۆلار) بوو کێشە ناوخۆییەکان هەر هەبوون، نەشیتوانی دامەزراوەی
بەهێز لە پشت سێکتەری وزەوە درووست بکات؛ ئەگەر نرخی نەوت ببێتە پەنجا دۆلار و کێشەو
تەڵەزگەو کەتنی کۆمپانیا نەوتییەکانیش هەر بەردەوام بن؛ چی پێدەکرێت؟!
شەشەم: هەرێمی کوردستان ئەگەر بتوانێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت
نەوتەکەی بۆ ئیدارە بدات؛ لە هاتواهاوار و موزایەدەی هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکە
هەلپەرستەکانیش تاڕادەیەکی باش قوتاری دەبێت؛ نابێت بە بارمتەش بەدەست ئەو کۆمپانیا
نەوتییانەی کە هێشتا بەرپرسانی هەرێم خۆیان نازانن کێ هێناونی و کێ و چۆن و بۆچی
گرێبەستیان لەگەڵ کراوە؟!
حەوتەم: هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی وادا مووچەی مووچەخۆران
و بودجەی تەشغیلیش مسۆگەر دەکات. مسۆگەری دەکات؛ چوونکە ئەگەر نەیکات ئەوکاتە ڕوون
و ئاشکرا دیارە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەوە "ئێران"ە مووچەو بودجەی
خەڵکی کوردستان دەبڕێ.
بێگومان (زۆر بێگومان) لە دوو بۆ سێ ساڵی ئایندە بەغدا
(عێراق بەگشتی) دەکەوێتە قەیران و خوێنبەربوونێکی دارایی بێوێنەوە؛ هەر ئاوها نابێت
مانگانە (١٥) ملیۆن کەس مووچە لە کەرتی گشتی وەربگرن و، گەندەڵی بێشومار لەناو
حکومەتی عێراقدا بەردەوام بێت.. وەلێ لایەنی کەم هێشتا عێراق دەوڵەتە و دەرفەتەکانیشی
کەم نین؛ دەکرێت لە هێڵەگشتییەکەشدا کورد لەگەڵ بەغدا دیالۆگێکی نوێ و پارادایمێكی
نوێ درووست بکەن و، پێکەوە دەرفەتەکان دوو هێندە بکەن و، گەشەیەکی ئابوریی خێراتر
و ڕێڕەوێکی سیاسیی سەقامگیرتر کە دوور بێت لە ململانێی تایەفی و مەزهەبی بەرجەستە
بکەن؛ کەم نیین ئەو فیگەرە سیاسییە عێراقییانەی درووست بیردەکەنەوە؛ ئەم گوتارە لەئاستی
سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا بەهێزتر بکرێت لەناو شەقام و نوخبەی عێراقییدا.
