شارپرێس:
سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتى دارایی بەغدا داوایکردوە تا دوشەممەى داهاتوو دەبێت 120 ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێرین.
کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ هەردوو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێمو بەغدا سهبارهت بهپرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبنەوە، بهگوێرهى زانیارییەکانیش خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆران، پەیوەستە بەهەناردەی نەوتەوە.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی ههرێم ئاشكرایكردوه، "بەغدا دەیەوێت لەگەڵ هەناردەى نەوت، ڕێکارەکانى ناردنى موچەش دەستپێبکات، ئەم هەفتەیەش شاندێکى وەزارەتى دارایی دەچێتەوە بۆ بەغدا".
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆ مانگى حەوت تواناى ناردنى 120 ملیار دینارمان نابێت.
بەغدا جگە لەڕادەستکردنی نەوت، داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی لەهەرێم دەکات، تاوەکو موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
لەلایەکى دیکەوە، بهگوێرهى زانیارییەکان، وابڕیارە ئەمڕۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ هەردوو وەفدە تەکنیکییەکەی هەرێمو بەغدا لەسەر ئاستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانو وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆببنەوە.
سهرچاوهكان دهڵێن، بەرەو پێشچونێکی باش لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەی نەوت هەیە، ئەو بڕگە ناکۆکەی کە ماوەتەوە لەبەرئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەدوری بۆری نەوتی هەناردە کردنەوەن، بۆیە داوادەکەن خەرجی گواستنەوەی نەوت بۆ بۆرییەکان سەرفبکرێت.
سەرچاوەكهى وهزارهتى دارایی هەرێم ئهوهى ئاشكراكردوه، 120 ملیارەکە ئامادەیە، بەڵام ناینێرنو چاوەڕێدەکەن نوێنەرانی کورد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بکەنو دڵنیایی وەربگرن، کە موچەی مانگی شەش دەنێرن ئینجا داهاتەکەیان بۆ دەنێرن.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، "چاوەڕێی یەکشەممەو دوشەمە دەکەن لەبەغداوە ئاماژەیەکیان پێبدرێت، کە 120 ملیار دینارەکە بنێرین یان نا".
