شارپرێس:
به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى بازرگانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى ئۆتۆمبێله چینیه‌كان ڕونكردنه‌وه ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق دەرکراوە، بەڵام بڕیارەکە نەگەیشتوەتە هەرێم‌و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلت چینی لەدەروازە سنورییەکانەوە ئاساییە".
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق‌و هەرێمی کوردستان بەئاستێکی زۆر زیادیکردوە، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەدیزاین‌و لۆگۆ‌و تیابەتمەندی براندە بەناوبانگەکانی ئۆتۆمبێل کۆپیکراون، خەڵکیش بەهۆی هەرزانی نرخەکانیان دەیانکڕن.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی لەوەزارەتی بازرگانیی‌و پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "ھیچ بڕیارێكمان بەدەستنەگەیشتوە بۆ ڕاگرتن‌و قەدەغەکردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی چینی".
تەنها لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ھەرێمی كوردستان، گەیشتوەتە زیاتر لە90 ھەزار ئۆتۆمبێل.
نەوزاد شێخ كامیل ئه‌وه‌شى وت:"به‌گوێره‌ى بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم، تەنها ڕێگە به‌هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی تازە دروستکراو دەدرێت‌و ئۆتۆمبێلی کۆن ڕێگەى لێگیراوە".
وه‌كو به‌رپرسه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم وتویه‌تى، "بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک، پێویستە عێراق بەفەرمی نوسراو ئاراستەی هه‌رێم بکات، بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش تائێستا هیچ نوسراوێک نەگەیشتوەتە هه‌رێم".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، ته‌نها ئۆتۆمبێلى جۆرى تۆیۆتاى چینى قه‌ده‌غه‌كراون نه‌ك براندو جۆره‌كانى دیكه‌و تائێستاش له‌عێراقه‌وه، ورده‌كاریى بڕیاره‌كه نه‌گه‌یشتوه‌ته هه‌رێمى كوردستان.
