مەزڵوم عەبدی: هێزەکانمان دەبنە بەشێک لە داهاتوی سوریای نوێ

کوردستان

12/08/2025‌ 4682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی ڕایدەگەیەنێت، هەسەدە و هەموو دامەزراوە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەهەموو بەشەکانییەوە، دەبێت بەشێوەیەکی شایستە و بەهێز لەناو سوپای سوریادا جێگیرببن و ببنە بەشێک لە هێزی پاراستنی سوریا.


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)  لە مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی شەهید نورەدین سۆفی ئاماژەی بەوەکرد،" لە ساڵی ٢٠١٣ـوە بە پێشنیاری خۆی و بە داواکاری ئێمە، هاتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە خەباتی سیاسییەوە بگرە تا سەربازیی و دامەزراندنی سیستەم و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وەک پێشەنگێک ڕۆڵی هەبوو ".

ئەوەشیخستەڕوو، شەهید نورەدین سۆفی لە هەموو قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا پێشەنگایەتی کرد، فەرماندەی بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین بوو، هەروەها هەموو ئۆپەراسیۆنە گەورەکان ئەو بەڕێوەی برد لە دژی چەکدارانی داعش، لە ڕەقە و دێرەزور و باغۆز، فەرماندەی هەموو ئەم جەنگانەبوو، بۆیە شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو ئاست و قۆناغ و بەشەکانی خۆیدا قەرزداری شەهید نورەدین سۆفییە و ڕۆڵێ ئەوی تێدایە.

مەزڵوم عەبدی لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە وتی،" دوپاتیدەکەینەوە، هەتا دوایی تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت، ئێستا لە قۆناغی دانوستانداین، لە پاش ١٤ ساڵ لە شەڕ و بەرخۆدانی دەمانەوێت بگەینە ئاشتیی ئەو شەڕەی شەهیدان خوێنی خۆیان بۆ ڕشت دەمانەوێت بگاتە ئەنجام ".

فەرماندەی هەسەدە باسی لەوەشکرد،" لێرەوە بەڵێن دەدەین چۆن لە شەڕدا تێکۆشانێکی قارەمانانە و بێسنورمان لەدژی داعش ئەنجامدا، ئەم خەباتەش بەهەمان نەفەس درێژە پێ دەدەین و ناهێڵین خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ بچێت ".