شارپرێس:
وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا، پلانێكی تۆكمەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی وزە بۆ سوریا ئاشكرا كرد لەوانەش غازی سروشتی و كارەبا، ئەمە جگە لە هەنگاوە نوێیەكانی توركیا سەبارەت بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ عێراق و لیبیا.
ئالپئەرسلان بایركدار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا، بۆ كەناڵی سكاینیوز، ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكەی بیر لە زیادكردنی هەناردەكردنی غاز بۆ سوریا دەكاتەوە لە 3 ملیۆن و 400 هەزار مەتر سێجاوە بۆ 6 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا لە قۆناغی داهاتوودا. ئەمەش بەسە بۆ بەرهەمهێنانی نزیكەی 1200 مێگاوات كارەبا لە حەلەب و حومس، كە پێداویستییەكانی نزیكەی 5 ملیۆن ماڵ دابین دەكات.
وەزیری وزەی توركیا دووپاتی كردەوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەناردەی كارەبا لە 281 مێگاواتەوە بۆ 360 مێگاوات زیاد دەكات و لە چەند مانگی داهاتوودا 500 مێگاواتی دیكەش لە ڕێگەی هێڵی بیرەچیك- حەلەبەوە زیاد دەكرێت، بەمەش كۆی گشتیی هەناردەكردنی كارەبا تا چارەكی یەكەمی ساڵی 2026 دەگاتە نزیكەی 900 مێگاوات.
ئ.ه