شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەدات بە ڕوسیا و
دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ ڤڵادمێر پوتین لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا نەگەیشتنە
ڕێککەوتن، سزا بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنێت، لەکاتێکدا بڕیارە سبەینێ سەرۆکی هەردوو وڵات
لە ئالاسکا کۆببنەوە و پرسی ڕاگرتنی شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا تاوتوێ بکەن.
دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمەریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی
ئاماژەی بەوەکرد،" بەڕێژەی 25% ئەگەری هەیە کۆبونەوەکەم لەگەڵ ڤڵادمێر پوتین
سەرکەوتوو نەبێت و نەگەینە هیچ ڕێککەوتنێک ".
ترەمپ هۆشداری دا و ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ پوتین، لەبارەی ئۆکرانیا نەگەیشت بە
هیچ ڕێککەوتنێک، ئەوا سزا بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنێت.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ وتیشی، ئەگەر لەسەر
پرسی ئۆکرانیا لەگەڵ پوتین ڕێکبکەوێت، ئەوا دواتر کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان
سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ڕوسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت.
محەمەد سەردار