شارپرێس:
راگەیاندنە عەرەبیی و
ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە کە هەوڵ هەیە بۆ راگواستنی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە
بۆ وڵاتانی وەک لیبیا، باشووری سودان، ئەندەنوسیا و سۆماڵیلاند، کە ئەمەش شەپۆلێکی
بەرفراوانی ناڕەزایەتی فەرمیی و جەماوەریی لێکەوتەوە.
لەوچوارچێوەیەشدا، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن
کە پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ هەندێک لەم وڵاتانەدا هەبووە، بەڵام هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان
بوونی هەموو جۆرە گفتوگۆ یان رێککەوتنێکی راستەقینەیان سەبارەت بەو بابەتە رەتکردەوە.
لە 13ی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی باشووری
سودان بە توندی راپۆرتەکانی دەربارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان
لەسەر خاکەکەی رەتکردەوە، روونیشی کردەوە کە سەردانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
بۆ جوبا بە ئامانجی بەهێزکردنی هاریکاریی دوولایەنە بووە لە بوارەکانی تردا و هیچ
پەیوەندییەکی بە پرسی پەنابەرانەوە نەبووە.
هەروەک ئەندەنوسیا و سۆماڵیلاندیش درووستی ئەم
هەواڵانەیان رەتکردەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ پەیوەندی یان دانوستانێک لەم
بارەیەوە ئەنجام نەدراوە و رەتیشیان کردەوە کە هیچ هەوڵێک بۆ وەرگرتنی فەلەستینییەکان
قبوڵ بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدا، کەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاماژەی
بە پێشکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ هەندێک وڵاتی تردا کردووە، رێکخراوی رزگاریخوازی
فەلەستینیش ئەم هەوڵانەی بە بەشێک لە "پیلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆزی فەلەستین"
دانا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەو هەوڵە رەتبکەنەوە.
هۆشداریشی
دا کە هەر راگواستنێکی زۆرەملێی فەلەستینییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و
بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە مافی گەڕانەوە.
لە هەمان کاتدا، چەندین وڵاتی عەرەبی داوایان
کرد کە پشتگیریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاد بکرێت لەجیاتی پەنابردن بۆ چارەسەری
راگواستن کە ئازارەکان زیاتر دەکات، چاودێرانیش پێیان وایە کە رەتکردنەوەی فەرمی لەلایەن
ئەم وڵاتانەوە رەنگدانەوەی ئەوەیە کە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ راگواستنی
فەلەستینییەکان بەدەست نەهاتووە، بەڵام بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتانە
نیگەرانییەکان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی