ئەمریکا لەعێراق نیگەرانە و سەربازەکانی دەکشێنێتەوە

عیراق

15/08/2025‌ 1466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرباری ئەوەی بڕیاربوو دوای هەڵبژاردنەکەی مانگی 11ی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق، ئەمریکا ‌هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێیوایە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق نەیتوانیوە گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لاواز بکات و بەهۆیەوە بڕیاریداوە لەمانگی داهاتوەوە دەست بە کشانەوەی سەربازەکانی لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بکات.

ڕۆژنامەی (العربي الجديد) لەڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردوەتەوە، ئەمەریكا دەستی بە ئامادەكارییەكانی كردوە بۆ كشانەوە لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) لەپارێزگای ئەنبار و لەمانگی داهاتوەوە دەست بە کشانەوە دەکات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی ئەمریکا و عێراق، لە مانگی 11ی ئەمساڵدا هێزەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەرکەکانیان لەعێراق کۆتایی پێدێت، بەڵام هەندێك لایەن ئاماژە بەوە دەكەن کە ئەمریكییەكان بێ ئومێدبون لە حكومەتی عێراق و پێیان وایە بەغدا پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامەكە لە سەرچاوەكانی دەستیکەوتوە، لە ماوەکانی ڕابردودا ڕاوێژكارێكی باڵای سودانی سەردانی واشنتۆنی كردوە و ئیدارەی ئەمەریكا جوڵەی سودانیان بەرامبەر بە میلیشیاكان بە ناجددی وەسفكردوە و داوایان كردوە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق بكشێنێتەوە، بەڵام ڕاوێژكارەكەی سودانی باسی لەوە كردوە ئەو هەنگاوە مەحاڵە، چونكە یاساكە دوو جار خوێندنەوەی بۆ كراوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەداوە، كە ئەمەریكا وەك بەشێك لە كاردانەوەی بەرامبەر ڕەفتارەكانی حكومەتی عێراق، لەبری كشانەوەی هەنگاو بە هەنگاو، مانگی داهاتوو بەشێكی زۆری هێزەكەی لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) دەكشێنێتەوە.