ترەمپ و پوتن بڕیاری كۆتاییان لەبارەی ئۆكرانیایەوە ئاشكراكرد

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند،"ڕێککەوتنی ئاشتی کۆتایی بەجەنگەکە دەهێنێت. لەبەرامبەردا سەرۆكی ڕویاش جەختی كردەوە، ڕێز لەهەڵوێستەكانی ئەمریكا دەگرن و دەڵێن"گفتوگۆیەكی ڕاستگۆیانەیان كردوە".
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نوسی،"ڕۆژێکی گەورەو زۆر سەرکەوتوو بوو لەئەلاسکا."
 
ترەمپ لەبارەی کۆبونەوەکەی لەگەڵ پوتن وتی، "کۆبونەوەکە لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پوتنی ڕوسیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دڕەنگی شەو لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی ئۆکراینا و چەندین سەرکردەی ئەوروپی، بەسکرتێری گشتی زۆر بەڕێزی ناتۆشەوە، زۆر بەباشی بەڕێوەچو."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن هەموانەوە بڕیاردراوە کە باشترین رێگە بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگە مەترسیدارەکە ڕۆیشتنە بەرەو ڕێککەوتنێکی ئاشتیی راستەوخۆ کە کۆتایی بەجەنگەکە دەهێنێت، نەوەک ڕێککەوتنێکی ئاگربەست کە زۆرجار جێگیر نابێت."
 
ترەمپ ئەوەیشی خستەڕوو کە "ئەگەر هەموو شتێک بەباشی بڕوات، ئەوا دواتر کۆبونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک پوتن ڕێکدەخەین،" بەبێ ئەوەی دیاری بکات کۆبونەوەکە سێقۆڵی دەبێت یان نا.



ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی دووشەممە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەچێتە واشنتن. ترەمپیش کۆبوونەوەکەی پشتراست کردەوە. 



هاوكات، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا سەردانەکەی بۆ ئالاسکا بە سود و لە کاتی خۆیدا وەسف كردو وتیشی، ڕێز لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا دەگرین.

باسی لەوەش کرد، گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانەی لەگەڵ ترەمپ کردوە.
 
لەکاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن، جەنگ لەئۆکراینا بەردەوام بوو.
ڕوسیا شەوی رابردوو 85 درۆن و موشەکێکی بالیستی ئاراستەی ئۆکراینا کردو کۆنترۆڵکردنی دوو گوندی لە ئۆکراینا ڕاگەیاند. 
 ش.ح