شارپرێس:
ماڵپەڕی "هرانا" کە تایبەتە بەچاودێرییکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێران ئاشكرایكرده، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، مانگی ڕابردوو زۆرترین حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر هاوڵاتییان لەماوەی 13 مانگی ڕابردودا دەرکردوە، ئەمەش دوای ئەوەی 35 سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاوڵاتیاندا سەپاندوە.
هەروەک لەڕاپۆرتەکەی ئەو پێگەیە سەبارەت بەبارودۆخی مافی مرۆڤ لەئێراندا هاتوە، لەمانگی کانونی دوەمی ڕابردودا لەسێدارەدانی 86کەسی لەسەرتاسەری ئێراندا تۆمارکردوە.
ئامارەکانی ئەو ماڵپەڕەی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بەدەرکردنو جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەماوەی مانگی یەکی ساڵی 2023 تا مانگی یەکی ساڵی 2024 دەریدەخەن کە ژمارەی ئەو سزایانەی لەسێدارەدان کە جێبەجێکراون بەبەردەوامی زیاتر بوە لەژمارەی دەرکردنی حوکمی سزای لەسێدارەدانی تازە.
ماڵپەڕی "هرانا" کە لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ لەئێران بەڕێوەدەبرێت ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم جیاوازییە بەرچاوە ئاماژەیە بۆ "سیاسەتێکی شەڕانگێزانەتر" لەلایەن سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان "هەوڵدان بۆ پاکتاوکردن"ی نەیارەکانی ئەو دەسەڵاتە.
بەگوێرهى ئاماری سزای لەسێدارەدان لەئێران، لەمانگی یەکی ساڵی 2024، لانیکەم 86 کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراونو لەو ماوەیەدا 35 حوکمی بەهەمان سزا دەرچوە، بەڵام لەمانگی یەکی ساڵی رابردوو لانیکەم 63 کەس لەسێدارەدراونو 23 سزای لەسێدارەدانیش بۆ تۆمەتباران دەرچوە.
بەگوێرهى ڕاپۆرتی ئەو پێگەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە، بەتایبەت بۆ تاوانە سوکەکان، بەردەوامە لەجێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان.
ماڵپەڕەکە ئەوەشیخستوەتەڕوو، حکومەتی ئێران دەرکردنو جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت.
بەگوێرهى ئاماری ساڵانەی ماڵپەڕی "هرانا"، لەساڵی 2023دا لانیکەم 791 هاوڵاتی لەسێدارەدراون کە 25 ژنو دوو منداڵیان تێدایە، کە بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی پێشوو زیاتر لە 33% زیادیکردوە.