هۆشدارى توند دەدرێت لە گوشارەکانى یەکێتى بۆسەر حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان

کوردستان

21/06/2024‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرەنسا لەبارەى ئەو گوشارانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەخرێنە سەر خزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان هۆشدارى دەدات و ڕایدەگەیەنێت، فشارەکان بەرتەسك كردنەوەی دەسەڵاتەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و زیان و خەساری تەسلیم بوون بەم گەڵاڵە دژە كوردییە ڕاستەوخۆ بەر دەسەڵاتی هەرێم خۆی دەكەوێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرەنسا بڵاویانکردەوە،یەکێتى داواى لە کۆمەڵەکان کردووە زڕیگوێز و زڕگوێزەڵە جێبهێڵن و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داواكارییەكەیان ڕەتكردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە ئەوان لەزڕگوێز دەمێننەوە، لە ژێر هیچ فشار و هێرشێكدا ئامادە نین بارەگاكانیان چۆل بكەن.

لەبەرامبەردا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەر ئاستی باڵا داوای لە هەر سێ حیزبەكە كردووە كەمپەكانیان چۆل بكەن و هوشداری تووندی پێداون، هاوكات بەڵێنی كردنەوەی كەمپێكی نوێی لە ژێر چاودێری خۆیدا پێداون. "

دەقى ڕاگەیەندراوەکە:

گوشار بۆ سەر حیزبەكانی ڕۆژهەڵات پێش هەر شت، بە زیانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕۆژی ١٩ و ٢٠ی حوزەیران ( ١٩و ٢٠ی مانگی ژوەنی ٢٠٢٤) لە ماڵپەڕی "سبەی"، "هاوڵاتی" و "شارپرێس" دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان لە پەیامێكی ڕیبەرایەتی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان ئاگادار كردۆتەوە  كە تێیدا داوایان لە " كۆمەڵەكان" كردووە كەمپەكانیان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە بە جێ بێڵن و بگوێزنەوە بۆ شوێنێكی دیكە.  لێدوانەكانی ئەو ماڵپەڕانە بە پشت بەستن بە زانیارییە دەست كەوتووەكان باس لەوە دەكەن كە :
" هەر سێ لایەنی كۆمەڵە ئاگادار كراونەتەوە پێویستە خۆیان ئامادە بكەن بۆ چۆلكردنی كەمپەكان و ئەگەر ئەو كارە نەكەن بە زۆری هێز كەمپەكانیان پێ چۆل دەكەن."
ئەو گوشارانەی یەكیەتی نێشتمانی و ئاسایشی یەكێتی دوای ئەوە دێت كە ساڵی ڕابردوو لە ژێر گوشاری ئێران و بە هۆیڕێك كەوتنی ئەمنی حكومەتی عێڕاقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، كەمپەكانی كۆمەڵە و دیموكڕات تەنها كەسانی مەدەنی و بنەماڵەكان تێێدا جێگرن و هێزی پێشمەرگە بە ئاگاداری لایەنە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شوێنی تر گۆستراونەتەوە."
" حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داواكارییەكەیان ڕەتكردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە ئەوان لەزڕگوێز دەمێننەوە، لە ژێر هیچ فشار و هێرشێكدا ئامادە نین بارەگاكانیان چۆل بكەن."
" یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەر ئاستی باڵا داوای لە هەر سێ حیزبەكە كردووە كەمپەكانیان چۆل بكەن و هوشداری تووندی پێداون، هاوكات بەڵێنی كردنەوەی كەمپێكی نوێی لە ژێر چاودێری خۆیدا پێداون. "
كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەڕانسە وێڕای شەرمەزار كردنی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران،  سوورە لە سەر ئەو بڕوایە كە :
حیزب و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەستیارانە و بەرپرسیارانە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان جووڵاونەتەوە و داواكارییەكانی دەوڵەتی عێڕاق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لەبەر چاو گرتووە و ڕەچاویان كردووە.
دانیشتوانی ناو بنكە و بارەگاكانی حیزب و ڕێكخراوەكانی باسكراو خەڵك و كۆمەڵگای مەدەنین. هیچ چەشنە چالاكییەكی سەربازی لە لایەن حیزبەكان نەهاتۆتە ئاراوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر بنەمای مافی سروشتی خۆی بۆی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ پێوەندی سیاسی و دیپلۆماتیك دابمەزرێنێ، بەڵام بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكان و و دۆستایەتی نێوان ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە پێی ئەسل و پرەنسیپێكی مێژوویی و نەتەوەیی ناشێ لەسەر تەنگەبەركردن و بەرتەسك كردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتووی باشووری كوردستان بێت. نابێ ئاسایش و ئەمنییەتی ئەو حیزب و ڕێكخراوانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بەرژەوەندییەكانی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەپارێزن بكەوێتە ژێر مەترسی و هەڕەشە.
حێزب و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی ئەو بەشە لە كوردستانن و جێگەی ڕێز و پێزانینن بۆ جەماوەری ڕۆژهەڵات. لە سەردەمە جۆر بە جۆرەكان بە هانای حیزبەكانەوە هاتوون و جوابی ئەرێنییان بە داواكارییەكانیان داوەتەوە ، خەڵكی ڕۆژهەڵات هەمیشە پێشوازییان لە بانگەوازەكانی حیزبەكان كردووە و لە هەموو مانگرتنە گشتییەكانی ئەم دواییانەش بوێرانە و چالاكانە بەشدارییان كردووە.
ڕێكخراوە و حیزبەكانی ڕۆژهەڵات بۆ دەستەبەركردنی مافەنەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان، دیموكڕاتیزاسیۆنی كۆمەڵگای ئێران و بەدیهێنانی دادپەروەریی ئابووری لە ناو كۆمەڵگا دا تێكۆشانی سیاسی دەكەن و ئەوەش بە هیچ شێوە ناكرێ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی باشووری كوردستان لە ناكۆكی دابێت.
جێ بەجێ كردنی سەرجەم داواكارییەكانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و دروستكردنی كۆسپی زیاتر لەسەر ڕیی ژیانی سیاسی حیزب و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵات بەشیكە لە پلان و پیلانی بەرتەسك كردنەوەی دەسەڵاتەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و زیان و خەساری تەسلیم بوون بەم گەڵاڵە دژە كوردییە، بەر لە كوردی ڕۆژهەڵات ڕاستەوخۆ بەر دەسەڵاتی هەرێم خۆی دەكەوێت.
بە لە بەر چاو گرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە،
  داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم،  یەكیەتی نیشتمانی كوردستان و ئاسایشی هەرێم- سلێمانی دەكەین كۆتایی بێنن بەو زەخت و گوشارانەی دەخرێتە سەر حیزب و ڕێكخراوە و خەڵكی مەدەنی و تاكی كوردی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی هەێمی كوردستان كە خەریكی كارن و ژیانیان لەو بەشەی كورستان دا تێپەڕ دەكەن. لە هەمان كاتیش دا پێویستە لە پرسی مانەوە و ڕێكارە ئیدارییەكانیشدا هاسانكارییشیان بۆ بكرێت. ئەو ماڵ و بنەماڵانەی  ڕۆژهەڵات كە لە باشووری كوردستان و لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە دەژین زیاتر لە سی ساڵە لەو شوێنانە نیشتەجێن وتێكەڵاویی بنەماڵەیییان لەگەڵ خەڵكی دەور و بەریان هەیە. هەر ئێستا گڵكۆی ئازیزانی كۆچكردووی ئەو خەڵكە لەو دەڤەرە هەڵكەوتووە و بارەگاكان بە كردەوە بوون بە گوندێك لە ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان.
 ئەو بنەمالانە هیچ كات بچووكترین كێشە و ئاڵۆزییان بۆ كەس پێك نەهێناوە، ناكرێ بە پەیڕەوی لە ویست و داخواز و داوای كۆماری ئیسلامی ئێران خاو و خێزانی بێ دەرەتان بكەونە ژێر ترس و ئازار و ناسەقامگرتوویی و بگۆزرێنەوە بۆ كەمپی زۆرەملی كە گەلێ بیرەوەریی  تاڵ و ناخۆش لە مێژووی باشووری كوردستان دا زیندوو دەكاتەوە.
 مێژووی كوردستان دادوەرێكی بێ لایەنە و لە هەڵە و پەڵەی هیچ كەس بە هەر پلە و پایەیەكی سیاسی و ڕێكخراوەییەوە دا بێت خۆش نابێت.
كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرانسە
٢١ حوزەیران، ٢١ی مانگی ژوەنی ٢٠٢٤