بەرەی مقاوەمە کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدات

عیراق

30/06/2024‌ 1058 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی نێو حەشدی شەعبی بەهۆی دورخستنەوەی بەرپرسێکی دەستەکە لەپۆستەکەی، بەرەی مقاوەمە کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا.


کۆبونەوەکە بەئامادەبونی شێخ ئەکرەم کەعبی ئەمینداری بزوتنەوەی نوجەبا، ئەبو حسێن حەمیداوی ئەمینداری کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، ئەبو ئالای وەلائی ئەمینداری کەتائیبی سەید شوهەدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق‌و شێخ مئەمەد تەمیمی ئەمینداری فەیلەقی وەعد سادق‌و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر.

لەکۆبونەوەکەدا ئەبو حسێن حەمیداوی جەختی لەگرنگیی پاراستنی حەشدی شەعبی‌و سەربەخۆییەکەی کردوەتەوە، هاوکات بیروڕا لەبارەی بابەتە ستراتیژییەکانی قۆناغی داهاتوو ئاڵوگۆڕ کرا.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هەفتەی ڕابردوو فالح فەیاز سەرۆکی حەشدی شەعبی بڕیاری دورخستنەوەی ئەبو زەینەب لامی، بەرپرسی ئەمنیەتی دەستەی حەشدی شەعبی دا، هەرچەندە لەنێوخۆی عێراق هەوڵ هەبوو بۆ پاشگەزبوونەوەی فالح فەیاز لەو بڕیارە، بەڵام ناوبراو ملی بۆ فشارەکان نەدا.

سەرئەنجام لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا کەتائبی حزبووڵڵای عێراقیی بە چەکی قورسەوە گەمارۆی بارەگای سەرەکی حەشدی شەعبییاندا لە شاری بەغدا، ئەوەش پێشهاتێکی نوێیە کە یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی گەمارۆی ئەو دەستەیە بدات.

کەتائیبی حزبوڵڵا ماوەی چەند کاتژمێرێک مۆڵەتیان بە فالح فەیاز دا بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەرنا شەڕێکی گەورە لەنێو حەشدی شەعبی ڕوودەدات و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.... هەر بۆیە بۆ ماوەیەکی کاتی بڕیاری دورخستنەوەی لامی ڕاگیراوە.

میدیای عێراقی دەڵێت، ئەو بڕیارە فالح فەیاز نەیداوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەلایەن سودانیەوە دراوە، ئەوەی هانی سودانیشی داوە بڕیارەکە بدات، عەسائیبی ئەهلی حەق بووە... بەوەش ناکۆکییەکانی حزبوڵڵا و عەسائیب لەنێو حەشدی شەعبی هێندەی دیکە تۆخ بووەوە.

ئەبو زەینەب لامی کێیە؟
لامی کە ناوەکەی حسێن فالحە، کاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019ی عێراق فەرماندەی فیرقەی قەنناس بەدەستەکان بوو، کە خۆپیشاندەران و چالاکوانانیان دەکردە ئامانج.

ئەبو زەینەب لامی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یەکێکە لە فەرماندە مەترسیدارەکانی حەشدی شەعبی، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە بەبێ ئەوەی لایەنی سێیەم بۆ گەیاندنیان بە یەك پێویست بێت.