ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد لێدان لەڕۆژئاوای کوردستانە

ڕاپۆرت

30/06/2024‌ 757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس-کەنداڵ جودی

 ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت؟

  ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، هەڵگیرسانی شەڕە لە دژی هەسەدە و هەموو کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان.  
 
 ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە هیچ بەربەستێک لەبەردەم گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریادا نییە. 

  حکومەتی دیمەشق و بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند، مەرجی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا سوپاکەی لەخاکی داگیرکراوی سوریا بکشێنێتەوە و دواتر دەست بە گفتوگۆ دەکەن. 

 هەرچەندە لەم کاتەدا گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لەتوانادا نییە، بەڵام شەقامی کوردی نیگەرانە لە گەڕانەوەی ئەو پەیوەندییە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. 

 لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی خۆسەر لە هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەیاننامەیەکی نووسراو هەڵوێستی خۆی لە دژی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریایە بە گشتی، و هەروەها دابەشبوون مسۆگەر دەکات، لە هەمان کاتدا ئیدارەی خۆسەر گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق و ئەنقەرەی بە پیلانێک دژی یەکگرتوویی سوریا و گەلەکەی وەسف کرد". 

 ڕۆژنامەنوسی کورد هۆشەنگ حەسەن بۆ شارپرێس دەڵێت، ناکرێ پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازەی پێشتر هەبووە، پێویستی بە ماوەیەکی زۆرە و ڕەنگە لەم کاتەدا کۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبێت و پێشتریش کۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام هیچ ئەنجامێک نەبووە.

دەشڵێت: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە شەڕی دژی HSD بکەن،  لەلایەکی دیکەوە دیمەشق دەبینێت ئەنقەرە زۆرترین پێویستی بە دیمەشق هەیە، بۆیە بە زووترین کات بانگەوازی تورکیا قبوڵ ناکات، چونکە دیمەشق کشانەوەی سوپای تورکیای لە سوریا وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ تورکیا داناوە.  بەڵام بە فشارەکانی ڕووسیا، ڕەنگە حکومەتی دیمەشق هێشتا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئەنجام بدات.

 هەروەها هۆشەنگ حەسەن ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی تورکیا لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، شەڕی هەسەدە و هەموو کوردەکانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و  ئەنقەرە گەڕایەوە دەستبەجێ هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژاڤا و داگیری دەکەن، چونکە فاکتەری گەورەی نێودەوڵەتی لەم ناوچەیەدا هەیە، ئەویش هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش، هێزەکانی هاوپەیمانیش دژی ئەم هەوڵەی تورکیا و دیمەشق دەبن لە لایەکی دیکەوە، ڕوونە کە دیمەشق نایەوێت شەڕ لەگەڵ هەسەدە بکات و لە لایەنی سەربازییەوە قورس دەبێت هێرشی هاوبەشی سوپای تورکیا و سوریا بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە.
 
 لای خۆیەوە، نەواف خەلیل، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کورد لە ئەڵمانیا، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و ئەنقەرە بە شارپرێسی ڕاگەیاند، ئەردۆغان دەتوانێت هەر ڕێککەوتن و هەر کارێک بکات، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەکورد لە گەیشتن بە مافەکانی بکات.

 ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بێگومان ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بگەڕێتەوە، ئامانجی سەرەکی زیانگەیاندن بە کورد و تێکشکاندنی دەستکەوتەکانی کوردە. بەڵام ئایا چانسی گەڕانەوەی ئەو پەیوەندییانە هەیە؟ ڕەنگە هیچ چانسێک بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکان نەبێت چونکە هەردوولا، ڕژێمی دیمەشق و تورکیا، ناتوانن داواکارییەکانی یەکتر بەدیبهێنن”.

 لە درێژەی قسەکانیدا نەواف خەلیل دەڵێت، ماوەیەکە ڕژێمی دیمەشق و تورکیا و هەندێکجاریش بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا، هەمیشە دەیانەوێت هەڕەشە لە ئیدارەی خۆسەر بکەن بە مەبەستی لەناوبردنی ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: تەنانەت هێزە نێودەوڵەتییەکان، واتە نە ڕووسیا و نە ئەمریکا، ڕەزامەندییان نەداوەتە تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە، هەروەها بە ملیۆنان کەس کە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەردا دەژین پاڵپشتی ئیدارەی خۆسەر دەکەن ، لەوانەش عەرەب، کورد، ئەرمەنی و چەرکەس، ئەوانیش نایانەوێت هێرشیان بکرێتە سەر و ئەمە قبوڵ ناکەن.

 خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر تورکیا پێداگری لەسەر گەڕانەوەی پەیوەندییەکانیش بکات، ئەوا ڕژێمی دیمەشق مەرجەکانی زیاتر دەکات، چونکە دەبینێت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.