یەحیا سینوار ئاواتەخوازی بەغەززەبوونی لوبنانە

ڕاپۆرت

28/06/2024‌ 1261 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ناكۆكی رێبەری هێزە چەكدارەكانی غەززە و رێبەری حیزبوڵا چییە؟

ئیسرائیل و حیزبوڵا و لوبنانییەكان  و ئەمەریكا و ئێرانیش كردنەوەی بەرەیەكی نوێی شەڕی لوبنانیان ناوێت، تەنها فەرماندەی هێزە چەكدارەكەی غەززە ئاواتی بۆ دەخوازێت.

شارەزای ستراتیجی و سەربازی لوبنانی، هیشام جابر بۆ سكاینیوز دەڵێت: پێموایە كردنەوەی بەرەی شەڕی لوبنان لە بەرژەوەندیی یەحیا سینوار سەركردەی حەماس و غەززەدا دەبێت، چونكە فشارەكانی سەریان كەمدەكاتەوە، زانیاریش هەیە كە سینوار ئاواتەخوازە بەرەی شەڕی لوبنان بكرێتەوە.

هیشام جابر دەشڵێت "هیچ كام لە لوبنانییەكان نایانەوێت ئەو شەڕە ڕوو بدات، خۆ ئەگەر دادپەروەرانە قسە بكەین، نە حەسەن نەسروڵڵا و نە حیزبوڵڵاش نایانەوێت ئەو شەڕە ڕووبدات."

  هیشام جابر، كە سەرۆكایەتی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەیروت، پێی وایە هۆكاری ڕەتكردنەوەی حیزبوڵڵا بە كردنەوەی ئەم بەرەیەی شەڕ پەیوەندی بە هۆكارە ناوخۆییەكانەوە هەیە، بەتایبەتی دۆخی قەیراناوی لوبنان، هەروەها پەرۆشی نەسروڵڵا بۆ ئەوەی بە بەرپرسیار نەزانرێت لە وێرانبوونی لوبنان.

هەروەها دەڵێت، هۆكاری دووەمی ڕەتكردنەوەی ئەم شەڕە لەلایەن نەسروڵڵاوە ئەوەیە هاوپەیمانەكەی كە ئێرانە، نایەوێت ئێستا ئەم بەرەی شەڕ بكاتەوە، چونكە شەڕێكی بەرفراوانی ناوچەیی دەبێت.

گوتیشی: جگە لە دەستكەوتەكانی سینوار، نە ئیسرائیل و نە نەسروڵڵا نابنە براوەی ئەم شەڕە، بەو پێیەی كارەساتبارە بۆ هەردوولا.

ئەوە لەكاتێكدا ئەمەریكا هۆشداری داوە بە ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی فراوانی سەر لوبنان رەوشەكە ئاڵۆز دەبێت، بەوپێیەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەوە وەك عێراق و سوریا و یەمەن بەشداری شەڕ دەبن.

بەگوێرەی مەزندەی سەرچاوەكان نزیكەی 100 هەزار چەكداری گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران ئامادەی چونە لوبنانن بۆ پشتیوانی حیزبوڵا لە شەڕی دژی ئیسرائیل.

لەم چوارچێوەیەدا ئەمەریكا ئیسرائیلی دڵنیاكردووە كە پارێزگاریشی لێدەكات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕەكەدا، بەڵام پێی باشە شەڕ ڕوو نەدات، بۆیە كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمەریكی یو ئێس ئێس دی ئێزنهاوەر لە دەریای سوورەوە بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بە جوڵە كردووە بۆ پشتیوانی لە هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئیسرائیل دژی حیزبوڵا.