​ قوباد تاڵەبانی: دەبێت وەزارەتەكان زوتر لیستی مووچە ئامادە بكەن

کوردستان

30/06/2024‌ 212 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەغدا مووچەی ئەو مانگەی هێزە ئەمنییەكانی نەناردووە.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا لە چەمچەماڵ رایگەیاند ''لیستی  مووچە گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق و پڕۆسەكەی تێپەڕاندووە، بۆیە هیوادارین گرفتی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەكانیش چارەسەر بكرێت، چاوەڕێی ئاكامی وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەكەین كە پێداچوونەوە بە لیستەكەدا بكات.''
 
هەروەها دەڵێت ''تاوەكو میكانیزمەكانی ناردنی لیست و هاتنی مووچە دەكەونە سەر دەور، لەوانەیە هەندێك كێشە و رۆتینات دروست بووبێت. ئەگەر ئەم پڕۆسەیە یەكجار بە تەواوی وردبینی بۆ بكرێت و متمانە بەو پڕۆسەیە كرا، دواكەوتنەكان نامێنن، لیست دەنێردرێت و پارەدار دەكرێت.''
 
 دەشڵێت، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا جەختیان لەوە كردووەتەوە كە نابیتَ وەزارەتەكان لە  ئامادەكردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان دوا بكەون. ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی بەغدا بۆشاییەك بدۆزێتەوە و پڕۆسەكە دوا بخات، ئێمە نابێ هیچ بیانوویەك بدەینە دەست ئەوانەی لە حكومەتی فیدراڵیدان و رەنگە حەز نەكەن پڕۆسەكە سەربكەوێت.