هەردی حەسەن ـ شارپرێس
سەگی بێسەرپەرشت و بێلانە لەدەڤەری ڕاپەڕین بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی سنورەکە و لە زۆربەی کوچە و کۆڵانەکانی قەزاو ناحیەکانی دەڤەرەکە بەکۆمەڵ دەبینرێن .
تەها محەمەد ، وتەبێژی تەندروستی ڕاپەڕین بە شارپرێسی ڕاگەیاند" لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ( 231 ) حاڵەتی گازگرتنی سەگ لەهاوڵاتیان لەبەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمارکراون و چارەسەری پزیشکی بۆ ئەوکەسانە کراوە".
لەبارەی مەترسییەکانی سەگی بێ لانە و زیادبوونیان لە ناوچەی نیشتەجێبووی هاوڵاتیان، دکتۆر سەعدی تەیب ، بەڕێوەبەری گشتی ڤێتەرنەری ڕاپەڕین بەشارپرێسی ڕاگەیاند" مەترسییەکانی سەگی بێلانە و بڵاوبوونەوەیان لەناوکۆڵان و بازاڕ و باخچەکان مەترسی بۆسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە و بەدەیان نەخۆشی هەناوی و پێست و ڤایرۆس لەو ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە ".
وتیشی" ئەو ئامارەی تەندروستی ڕاپەڕین بڵاوی کردۆتەوە جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە ، پێوستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک یەکەئیداریەکانی قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانیەکان هەماهەنگ بن و ئەو سەگە بێلانانە لەشەڵتەرێکدا کۆبکەنەوە ، ئەوسا بەڕێگەی زانستی و پێدانی دەرمان ڕێگری لە زاوزێیان بکرێت ، ئێمە ئامادەیمان تێدایە هاوکار و هەماهەنگی لایەنەپەیوەندیدارەکان بین بۆ ئەومەبەستە و بەتەنها ئەوە بە ڤێتەرنەری ناکرێت ".
سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە سێ قەزاو هەشت ناحیە پێکهاتوە تاکوئێستا نەتوانراوە ئەو سەگە بێسەپەرشت و بێلانەکان لە جێگەیەکدا کۆبکرێنەوە و هاوڵاتیان لە مەترسی ئەو سەگانە بپارێزرێن.
![](https://images.sharpress.net/root/root/images/13312023_Sharpress.gif)