کاریگەرییە زیانبەخشەکانی توندوتیژی لە پەروەردەدا

مەلەفی تایبەت

29/06/2024‌ 4699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فایەق سه‌عید ـ محه‌مه‌د عوسمان

بەکارهێنانی توندوتیژی وەک ڕێکارێکی دیسپلینی لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لەم ساڵانەی دواییدا بابەتی لێکۆڵینەوە و مشتومڕێکی چڕ بووە. ئەم وتارە ئامانجیەتی پشکنینی وردی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی پەیوەست بە پراکتیزەکردنی دیسپلینیی توندوتیژ لە پەروەردەدا بکات. لە ڕێگەی پێداچوونەوەی گشتگیر بە توێژینەوە و ئەدەبیاتی ئێستا، ئێمە لە کاریگەرییە فرەلایەنەکان لەسەر پرەنسیپی چێژ لەلای قوتابییان، ئەدای ئەکادیمی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، هەروەها کاریگەرییە فراوانەکانی بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان و کۆمەڵگا بەگشتی دەکۆڵینەوە.

وڵاتە سکەندەناڤییەکان لە بواری قەدەغەکردنی توندوتیژیدا هەمیشە پێشەنگ بوون و سوید لە ساڵی (١٩٥٨)دا  هەموو جۆرە سزا،  چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردنێکی قەدەغە کردووە کە بەناوی پەروەردەکردنەوە ئاراستەی منداڵان بکرێت. هەروەها سوید لە ساڵی (١٩٧٩)دا یەکەمین وڵات بووە لە جیهاندا  کە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەراسانکردنی دژ بە منداڵان لە خوێندنگەکان و ماڵەکانیشدا بە یاسای ژمارە  (1978/79:67)قەدەغە کردووە. توندوتیژی دژ بە منداڵان و خوێندکاران لە وڵاتە سکەندەناڤییەکاندا بە گشتی بە یەکێک لە مەسەلە هەستیارەکان هەژمار دەکرێت.

کاردانەوەی جەستەیی و دەروونی
دیارترین و بەرجەستەترین دەرئەنجامی ڕێوشوێنە دیسپلینییە توندوتیژەکان، لێدان بە نموونە، ئەو زیانە جەستەییەیە کە بە قوتابییان دەگەیەنرێت. گێرشۆف و فۆنت (2016) ڕاپۆرتی دەکەن کە سزای جەستەیی دەتوانێت ببێتە هۆی چەند جۆرێک برینداربوون، لە ڕووشانی ڕووکەشەوە تا زەبرێکی جەستەیی توند. بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر لەم کاریگەرییە جەستەییە دیارانە درێژدەبنەوە. کاریگەری دەروونی توندوتیژی لە شوێنە پەروەردەییەکان قووڵ و درێژخایەنە. مێتا شیکارییەک کە لەلایەن ((Tracie O Afifi et al., 2017)) ئەنجام دراوە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان بەرکەوتن بە دیسیپلینی توندوتیژ و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە تێکچوونی تەندروستی دەروونی نیشان دەدات، هەروەها دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، دەروونییەکان و دەروونجەستەییەکان (Helgeland & Lund, 2016). بەپێی توێژینەوەکان (٩٠٪)ی ئەوانەی هەوڵی جددیان بۆ خۆکوژی داوە، ڕابردوویەکی باشیان لەگەڵ توندوتیژی و هەراسانکردندا نەبووە (Thors, 2007).

ئەو قوتابییانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن ڕێژەیەکی بەرزتر لە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تێکچوونی فشاری دوای کارەسات (Post-traumatic stress disorder PTSD) نیشان دەدەن. هەروەها بەگوێرەی ئەو ڕاستییەی پێشێلکردنی متمانە لە ئەزموونکردنی توندوتیژیدا هەیە لەلایەن پەروەردەکارانەوە، کە گوایە مەبەست لێی پەروەردەکردن و پاراستنە، دەتوانێت لێکەوتەی دوورمەودای لەسەر تەندروستی سۆزداری و توانای پێکهێنانی پەیوەندی تەندروست هەبێت لەلای قوتابییان (Hendricks, 2020).

ئەدای ئەکادیمی و گەشەپێدانی مەعریفی
بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە کۆنەی کە دەڵێت دیسیپلینی توند ئەدای ئەکادیمی بەرز دەکاتەوە، بەڵگە ئەزموونییەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. کۆمەڵێک توێژەر لە زانکۆکانی چین و شانشینی یەکگرتوو (Fry et al., 2018) هەوڵیان داوە تیشک بخەنە سەر پەیوەندی توندوتیژی و ئاستی خوێندن لە خوێندنگەکانی ٢١ وڵاتی جیاوازدا. توێژەرەکان دەرئەنجام گەشتوونەتە ئەوەی بەشێک لەوانەی بەرکەوتەی توندوتیژی بوون وازیان لە خوێندن هێناوە، بەشێکی دیکەیان ئاستی مەعریفی و کاراییان دابەزیوە،. توێژەرەکان بەو دەرئەنجامەش گەیشتوون؛ هەر قوتابییەک لە منداڵیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بووبێتەوە، (١٣٪) ئەگەری زیاتر بووە کە خوێندن تەواو نەکات، یاخود نەگاتە ئاستی وەرگرتنی بڕوانامە.

ڕاپۆرتەکانی یۆنسکۆش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو خوێندکارانەی ڕووبەڕووی هەراسانکردن و توندوتیژی بوونەتەوە بەڕێژەی جیاواز ئاستیان دابەزیوە، تووشی خۆکوژی هاتوون، دەستیان بە خواردنەوەی مەی و بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان کردووە و دەستدرێژژیان کردووەتە سەر ژنان، فێری ئەنجامدانی توندوتیژی بوون. ڕاپۆرتەکانی یۆنسکۆ ئەوە یاداشت دەکەن کە ئەو خوێندکارانەش توندوتیژی پیادە دەکەنەوە بەبێ ترس و دوودڵی دەستدرێژی دەکەنە سەر مامۆستاکانی خۆشیان (UNISCO, 2018).

پێداچوونەوەی گشتگیرییەکانی (Gershoff and Font, 2016) ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو خوێندکارانەی تووشی سزای جەستەیی یان جۆرەکانی تری دیسیپلینی توندوتیژ دەبن بە بەردەوامی دەستکەوتی ئەکادیمی کەمتر نیشان دەدەن، وەک نمرەی تاقیکردنەوە و ڕێژەی دەرچوون و بەشداری لە چالاکییەکانی فێربوون و ئارەزووی فێربوون و کارایی و کارامەیی کارکردن.  هۆکارەکانی هاندەری ئەم کاریگەرییە نەرێنییانەش دەکرێت زۆر بن، لەوانە:
یەکەم: بەرزبوونەوەی ئاستی فشار، ڕێگری دەکات لە کارکردنی مەعریفی و چەسپاندنی بیرەوەری. هەروەکو ((Rezayof, Sardari and Hashemizadeh, 2019)) دەریخستووە کەوا فشار کاریگەری لەسەر کۆدکردنی بیرەوەری، چەسپاندن و وەرگرتنەوە هەیە، کاریگەری لەسەر بارهاتنی "پلاستیسیتی-Plasticity" دەمارەکان، گواستنەوەی سیناپتیک (synaptic transmission) و ئەرکە مەعریفییەکان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی مێشکی پەیوەست بە بیرەوەری وەک هیپۆکامپوس (Hippocampus)، ئەمیگدالا (amygdala) و قۆڵۆنی پێشەوە (prefrontal cortex). هەروەها (Jiang et al., 2019) دەیسەلمێنێت کەوا فشاری درێژخایەن دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازی بیرەوەری درێژخایەن، بۆ هەندێک قوتابیش فشاری توند لەوانەیە چەسپاندنی بیرەوەری بەرز بکاتەوە بەڵام وەرگرتنەوەی بیرەوەری تێکبدات. سەرەڕای ئەمەش، فشار دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای مەعریفی مرۆڤ هەبێت ((Jasmin, 2019).

دووەم: پەیوەندی نەرێنی قوتابییان لەگەڵ ژینگەی فێربووندا بەشداریکردن و پاڵنەری فێربوون کەمدەکاتەوە. پەیوەندی نەرێنی قوتابییان لەگەڵ ژینگەی فێربوون، وەک نەبوونی پشتگیری ژینگەیی، پێداویستی بایۆلۆژی و ئاسایشی دەروونی، ڕەفتاری نەرێنی قوتابییان و ڕەفتاری نەرێنی مامۆستا، دەرکەوتووە کە بەشداریکردن و پاڵنەرەکانی خوێندکاران بۆ فێربوون کەم دەکەنەوە و زۆرترین ناسازی لە پڕۆسەی فێربووندا دروست دەکەن (Cayubit, 2021; Li and Xue, 2023). بۆیە دروستکردنی ژینگەیەکی فێرکاری ئەرێنی و پشتگیریکەر زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریکردن و بەرزکردنەوەی ئامادەگی فێربوون لەلای خوێندکاران، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی باشترکردنی دەرئەنجامەکانی فێربوون.

سێیەم: بەو پێیەی فێربوون پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە، تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان قوتابی و مامۆستا تێکچوونی دۆخە کۆمەڵایەتییەکەی نێوانیانە و ڕێگری لە فێربوون دەکات. چۆنایەتی پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی، ڕۆڵی بنچینەیی هەیە لە بەشداری ئەکادیمی و گەشەپێدانی ئاگایی و هەست و سۆزی کۆمەڵایەتی (Socio-emotional development) و دەرهاویشتەکانی فێربوون بە گشتیتر (Rabo, 2022; Jowett et al., 2023; Yusuf et al., 2023).

چوارەم: ئەو کاتەی کە بۆ ڕێوشوێنە سزاییەکان تەرخان دەکرێت، لە چالاکییە ڕاستەقینەکانی فێربوون کەم دەکاتەوە. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێوشوێنی سزادان لە قوتابخانەکاندا نەک هەر بێکاریگەرە؛ بەڵکو لە چالاکییە ڕاستەقینەکانی فێربوون کەمدەکاتەوە و گۆشەگیری قوتابییان زیاد دەکات، ئەمە وێڕای ئەوەی پەروەردەی هاوچەرخ جەخت لەسەر فێرخواز-سەنتەری دەکاتەوە و ئەمەش دەلالەتە لەو ڕاستییەی هەر کردە و بڕیارێک لەلایەن مامۆستا و بەڕێوەبەرانی پەروەردەوە دەردەچێت، دەبێت لە خزمەتی فێربووندا بێت (Educational impact). توندوتیژی و لێدانیش بەڕوونی کۆمەکی نەرێنی بەم پێوەرە دەکات (Jean-Pierre and Parris, (2018)).

پێنجەم: پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەراسانکردن و توندوتیژی و پۆستتراومادا (پاشتراوما) هەیە. توێژینەوەیەک بە بەشداری ١٢٣ هەزار قوتابی ئەنجامدراوە لە ٢٨ وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکادا ئەو پەیوەندییە دەسەلمێنێت (Due et al.,2005). هەروەها توێژینەوەیەک کە لەگەڵ دەیان خوێندکاری ئەڵمانیدا کراوە کە تووشی پۆستتراوما هاتوون، ئەوە دەسەلمێنێت نیوەی ئەو خوێندکارانە پێشتر ڕووبەڕووی هەراسانکردن و توندوتیژی بوونەتەوە (Fanny et al., 2019).

گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کاریگەرییەکانی ڕەفتار
کاردانەوەکانی توندوتیژی لە پەروەردەدا درێژدەبێتەوە بۆ تەمەنی پێگەیشتوویی و شێوازی ڕەفتاری قوتابییان لەگەڵ یەکتریدا. توێژینەوەکانی (Tracie O. Afifi et al., 2017) دەریدەخەن کە ئەو منداڵانەی بەرکەوتەی پراکتیزەکردنی دیسپلینیی توندوتیژن، مەیلی شەڕانگێزی و ڕەفتاری دژە کۆمەڵایەتی و کێشەیان لە پەیوەندی هاوڕێیەتیدا زیاترە. توێژینەوەکان ئەوەش دەسەلمێنن (٤٦٪)ی ئەو کەسانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا تووشی توندوتیژی هاتوون، لە تەمەنی گەورەییدا دووبارە توندوتیژییان بەرهەم هێناوەتەوە (Andersen et al, 2015).

لەسەرێکی ترەوە، توندوتیژی مامۆستایان دەکرێت هانی توندوتیژبوونی قوتابییان بدات، چونکە قوتابییان شەڕانگێزی وەک ستراتیژی چارەسەرکردنی کێشەکان هەزم دەکەن. جگە لەوەش ئاساییکردنەوە و بەکلتوریکردنی توندوتیژی لە چوارچێوەی پەروەردەدا ڕەنگە ئەگەری پەنابردنی قوتابییان بۆ ڕەفتاری توندوتیژ لە بوارەکانی تری ژیاندا زیاد بکات. ئەمەش کاریگەری قووڵی لەسەر پەیوەندییە کەسییەکانی داهاتوویان و کارلێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەبێت، لەکۆتاییشدا کاریگەری خراپی لەسەر هارمۆنیەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکە بەگشتی دەبێت.  کۆی ئەمانەش دەمانباتەوە سەر تیۆرییەکی باندۆرا (Bandura, 1976) کە پێی وایە منداڵ لە دەوروبەرەکەیەوە فێری توندوتیژی دەبێت. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وای کردووە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستاش کۆمەڵگەیەکی توندوتیژ بێت.

جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی دیسپلینیی توندوتیژانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەشوهەوای گشتی و سەلامەتی هەستپێکراوی ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان تێکدەدات. لێکۆڵینەوەکانی ((Masath et al., 2023; Masath, Nkuba and Hecker, 2023)) نیشانی دەدەن کە بەرکەوتن بە دیسپلینی توندوتیژ یان شایەتحاڵبوون بە توندوتیژی، کەشی دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی پەروەردە دەکات. ئەم ژینگە پەروەردەییە نەرێنییەش دەبێتە هۆی دابەزینی کارامەیی قوتابییان، کەمبوونەوەی بەشداریکردن، ئامادەگی فێربوون، زیادبوونی توندوتیژی، قسەی نەشیاو و ناشرین لە نێوان قوتابییاندا. ژینگەیەکی پەروەردەیی ئەرێنی گرنگرترین پێدراوی پەروەردەی هاوچەرخە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی فێربوون و کارامەیی قوتابییان. بەکارهێنانی توندوتیژی لە پراکتیزە دیسپلینییەکاندا ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ئەم هەوڵانەی پەروەردەی هاوچەرخە بۆ سازدانی ژینگەیەکی فێربوونی سەلامەت و تەبا بە ئاسایشی دەروونی خوێندکاران.

پێشێلکردنی مافی منداڵان
بەکارهێنانی توندوتیژی لە شوێنە پەروەردەییەکاندا پێشێلکردنی ڕوونی مافەکانی منداڵانە، وەک لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان (UNCRC)دا هاتووە. مادەی ١٩ی UNCRC بە ڕوونی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەپارێزێت، لە کاتێکدا مادەی ٢٨ی هەمان جاڕنامە دەڵێت "پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەک بەڕێوەدەبرێت کە لەگەڵ کەرامەتی مرۆیی منداڵەکەدا بگونجێت" (نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٩٨٩). بەردەوامبوونی توندوریژی لە پەروەردەدا، بەشدار دەبێت لە قوڵبوونەوەی جیهانگیری توندووتیژی لە کۆی ئاستەکانی کۆمەڵگادا.

دەرئەنجام
زۆرینەی بەڵگەکان، دوور لە دوو دڵی و بەڕەهایی ئەوە نیشان دەدەن، کە بەکارهێنانی توندوتیژی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا نەشیاوە. دەرئەنجامە نەرێنییەکانی پراکتیزەکردنی توندوتیژی دوورمەودان، کاریگەرییان لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی خوێندکاران، دەستکەوتی ئەکادیمی، گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و شێوازی ڕەفتاری داهاتوویان هەیە. جگە لەوەش ئەم جۆرە کارانە مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان پێشێل دەکەن و هاندەری بەردەوامبوونی توندوتیژین لە کۆمەڵگادا. زۆر گرنگە پەروەردەکاران و داڕێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی و کۆمەڵگا بەگشتی، بەهاوبەشی کاربکەن بۆ بنبڕکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا. ئەمەش پێویستی بە جێبەجێکردن و سووربوونە لەسەر سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە دامەرزارە پەروەردەییەکاندا. ڕاهێنانی بەردەوامی پەروەدەکاران و خوڵقاندنی ژینگەی لەباری پەروەردەیی و زانستی بۆیان، لەوانەیە هاوکاری سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە بن. تەنها بە دڵنیابوون لە ژینگەیەکی پەروەردەیی ئەرێنی و متمانە دروستکەر دەتوانین بە تەواوی توانا و کارامەیی قوتابییان بەرزبکەینەوە و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و کەم توندوتیژتر پەروەردە بکەین.