تورکیا پەیامێکی نوێی ناڕاستەوخۆی دەداتە یەکێتی و داوا دەکرێت سەرکردایەتی ئەو حزبە بە هەندی وەربگرێت

ڕاپۆرت

19/07/2024‌ 3160 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دوای کۆبوونەوەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆتاییهاتنی لەشکرکێشی وڵاتەکەی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.. هاوکات تورکیا پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەداتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

راگەیاندنی کۆتاییهاتنی لەشکرکێشەییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە ئاماژەبێ بەکۆتایهێنان جوڵە سەربازیەکانیان لە هەرێمی کوردستان و مانەوەی سوپای ئەو وڵاتە تەنها لەو خاڵانەی کە پێشتر بنکەکانی سوپای تورکیای لێ جێگیر بووە.

هاوکات پەیامێکی ناڕاستەوخۆشە بۆ یەکێتی، کە لەکاتێکدا تورکیا لەشکرکێشییەکان ڕادەگرێت، دەرفەتێکی نوێ دەداتە ئەو حزبە بۆ پێداچوونەوە بە مامەڵەکانی لەگەڵ تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)... بۆیە شارەزایان دەڵێن ئەوە دەرفەتێکی نوێیە بۆ یەکێتی و لەدەستدانی دەرفەتەکەش، تورکیا دەستکراوە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆسەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ژێر قەڵەمڕەوی یەکێتی.

بەشێکی پاشەکشەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەیارەکانی پارتی پرسی لەشکرکێشی تورکیا وەك بانگەشەیەکی توندی هەڵبژاردن دژی ئەو حزبە بەکارنەهێنن و پارتی زەرەرمەند نەبێ لە هەڵبژاردندا، خۆ ئەگەر زیانیشی کرد، بە زیانێکی کەمتر لەو هەڵبژاردنە دەرچێت.

لەشکرکێشییەکانی تورکیا خەریکبوو ناڕەزایەتییەکی گەورە لە بەغداوە دروستبکات، لایەنە شیعەکان پەتی تەحەمولیان بەرامبەر بێدەنگیی حکومەتی عێراق پچڕا، ئەگەر ئەنقەرە بڕیاری کۆتاییهاتنی لەشکرکێشییەکانی وڵاتەکەی نەدایە، ئەوا دوور نەبوو ناڕەزایەتی و تەقینەوەی جەماوەریی دژی لەشکرکێشی تورکیا لە عێراق سەرهەڵبدات.

وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەشکردووە، ئەوان چاویان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە و زانیاریی ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە هاوکارییەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەولێر وایکردووە، کارەکانیان لە هێرشکردنەسەر پەکەکە خێراتر بێت.