ڕۆژی هەینی چۆن جیهان دوو سەدە گەڕایەوە دواوەوە؟

ڕاپۆرت

20/07/2024‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

چەند کاتژمێرێك کێشەیەکی تەکنیکی لە جیهان ڕوویدا، ئەو کێشەیە وایکرد جیهان دوو سەدە بگەڕێتەوە دواوەوە و مرۆڤایەتی گەڕایەوە ئەو سەردەمەی پێش پەیوەندیکردن هەبوو... ئەو ڕووداوەی لە دوای کۆرۆناوە تاکە ڕووداو بوو کە هەموو جیهانی پێکەوە کۆکردەوە و هەموویانی خستە ترسەوە.. ئاکامەکەشی زیانی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بوو.

لە چەند وڵاتێکی جیهان گەشتە ئاسمانییەکان راگیران و لە ئیسپانیا گرفتەکە تەواوی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وتی"سیستمی گشتیی جیهانی تووشی گرفت بووەوە".

بەهۆی ئەم گرفتەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا هەڵوەشانەوە و هێڵی شەمەندەفەر لە بەریتانیا تووشی گرفتی گەورە بوو، ئەو فڕۆکانەى لە ئاسماندان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەکاندا نەما.

هەروەها خزمەتگوزارییە تەندروستی و بانکییەکان و هۆیەکانی گواستنەوە بەهۆی هەڵە لە هێڵی ئینتەرنێت لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان راگیران.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەی لە ویندۆزی مایکرۆسفت دروستبووە، کۆمپانیای کراودسترایک کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی جیهانە و لایەنێکی کێشەکە بوو، نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. هەروەها مەزندە دەکرێت زیانی ملیاران دۆلار بەر کۆمپانیاکانی گەشتیاری و کەرتە بانکییەکان کەوت بێت بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانەوە.


بۆچی لە چین ئەو گرفتە ڕووینەدا؟

لە چین بەکار‌هێنانی پرۆگرامی ئەمریکی مایکرۆسۆفت لەسەر کۆمپویتەر و سێرڤەرەکانی حکومی وشوێنە فەرمیەکان قەدەغەیە، ئەمەش وایکرد کە ئەمڕۆ چین توشی هیچ کێشەیەک نەبوو. 

لەگەڵ دەستپێکی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، چین ڕێنمایی نوێی بۆ شوێنگرەوەی تەکنەلۆژیای بیانی بە چارەسەری ناوخۆیی خستۆتەڕوو، لە بری مایکرۆسۆفت پرۆگرامەکانی کیلین، دەبلیۆ پی ئیس ئۆفیس و بەیدوو بەکاردێنێن، کە سەدەرسەد چینین و بەرهەمی نێوخۆن و لە ژێر دەسهەڵاتی حکومەتی چینین.  

لە رووی تەکنەلۆژیا و کلاود و ئەنتەرنێتەوە چین جیهانێکی دیکەیە و هیچ نەبەستراوەتەوە بەوەی رۆژئاوا و بێگومان ئەمەش باشی و خراپی خۆی هەیە.