لە سلێمانی چی ڕوودەدات؟ ئایا پیلانگێڕیی هەرێمییە و داعش ڕەوانەی شارەکە دەکرێت؟

ڕاپۆرت

25/07/2024‌ 2206 جار خوێندراوه‌ته‌وه


تەنیا لەماوەی یەك مانگدا نزیکەی 50 ئەمیر و چەکداری داعش لە سنووری سلێمانی دەستگیرکراون، ئەوەش پێشهاتێکی نوێیە بۆ ئەو پارێزگایە کە لە دوای شکستپێهێنانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بە داعش، بەوشێوەیە شانە نهێنییەکانیان لە سلێمانی چالاک بکەن.

لە دواین چالاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی، دەستگیرکردنی 11 تیرۆرستی ڕاگەیاند، کە وەك ئاسایشی سلێمانی دەڵێت لەنێویاندا ئەمیری داعش لە هەڵەبجە هەبووە، هاوکات پیلانیان دانابوو ژمارەیەک  فەرماندەو ئەفسەری باڵای ئەمنی و ئیداری تیرۆر بکەن..

لەکاتی شەڕی چوار ساڵەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، پارێزگای سلێمانی لەڕووی ئەمنییەوە بەیەکێك لە پارێزگا بەهێزەکان دادەنرا، شارەزایانی ئەمنی دەڵێن ئێستاش بەهەمانشێوە سلێمانی پارێزگایەکە لەڕووی ئەمنییەوە تۆکمەیە بەڵام جموجوڵی شانە نوستووەکانی داعش لەمدواییەدا لە سلێمانی، بە پیلانێکی گەورەتر لەئاستی پارێزگاکە و تەنانەت پیلانێکی هەرێمیی دەزانن.

جموجوڵی شانە نوستووەکانی داعش و دەستگیرکردنیان هاوکاتە لەگەڵ ئازادکردنی زیاتر لە 400 چەکداری داعش لە سوریا و گەڕانەوەیان بۆ عێراق، هەر بۆیە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا داوا دەکات پارێزگاکە بخرێتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەوەش لە ترسی گەڕانەوەی ئەو چەکدارە عێراقییانە لە سوریاوە بۆ موسڵ.

جموجوڵەکانی ئەمدواییەی داعش لە سلێمانی دەریدەخات کە پلانەکە گەورەترە لە خودی گروپەکە و پارێزگاکەش، بۆ نمونە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دەڵێت ئەو گروپەی دەستگیرکراون، تیرۆریستی هەڵهاتوو لە وڵاتی بەریتانیا بیلال مەحمود ناسراو بە (یاخی) ئاڕاستەی کردوون بۆ بڵاوکردنەوەی فیکری (دەوڵەتی بەناو ئیسلامی) و فیکری توندڕەوی... هەر بۆیە شارەزایان دەڵێن، هیچ دوورنییە پیلانگێڕییەکی هەرێمی دژی سلێمانی لە ئارادا بێت، بەتایبەت لەم کاتەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە بادینان بە چڕی بەردەوامە و هێشتا پەیوەندییەکانی سلێمانی و تورکیا لە ئاستێکی خراپدان..

لە هەولێر و دهۆك کە بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەردوو پارێزگاکە و نزیکیان لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە کە داعش تیایاندا شانەی نوستووی هەیە، بەڵام لەهەولێر و دهۆك هاوشێوەی سلێمانی داعش جموجوڵی نییە، ئەوەش گومانێکی لەسەر ئەو دۆخە دروستکردووە کە ئێستا لە سلێمانی هاتووەتە ئاراوە و سەرجەم بۆچوونەکان ئەگەری پیلانگێڕیی دژی سلێمانی بەدوور نازانن.