ئەمریکا ڕێوشوێنی نوێ دژی عێراق دەگرێتە بەر و نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە

عیراق

26/07/2024‌ 2267 جار خوێندراوه‌ته‌وه



زیاد هاشمی توێژەری ئابووری زانیاری نوێی سەبارەت بە سیاسەتی نوێی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بەرامبەر عێراق ئاشکرا کرد و پێشبینی دەکات نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبێتەوە، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر سیستەمی بانکی عێراق دروست دەکات.

 هاشمی بە سومەریە نیوزی ڕاگەیاندووە، “هەندێک زانیاری لە ناو  بانکی ناوەندی عێراقەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بانکی فیدراڵی ئەمریکا ستراتیژییەکی تازە لە ستراتیژییەکانی پێشووی بەرامبەر بە ئابووری عێراق گرتۆتەبەر”.

 ئاماژەی بەوەشکرد ئەم ستراتیژە  توندتردەبێت و پشت بە سێ لایەن دەبەستێت:

 یەکەم: درێژەدان بە سزادانی بانکەکانی پێشوو، و هەڵنەگرتنی سزاکانی سەریان، واتە تا کاتێکی نادیار ڕێگری لەو بانکانە دەکرێت لە بازرگانیکردن بە دۆلار.

   دووەم: داخستنی ئەو بانکانەی کە بەردەوامن لە پێشێلکردنی مەرج و پێوەرەکان کە پەیوەندییان بە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دۆلارەوە هەیە.

 سێیەم: ڕێگریکردن لە دەستوەردانی حکومەتی عێراق لە مەلەفی دۆلار.