بۆرى نه‌وتى عه‌قه‌به‌ مشتومڕێكى زۆرى له‌ناو شیعه‌كانى عێراق دروستكردوه‌

عیراق

08/09/2024‌ 3686 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەمی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت بوەتە هۆی ئەوەی عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگ ببێتەوە، بەتایبەت لەکاتێکدا نەوت سەرچاوەی سەرەکی پێکهێنەری داهاتی عێراقە، پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە کە ئامانج لێی زیادکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوتە، مشتومڕێکی بەرفراوان لەبازنە سیاسیی عێراق دروستکردوە، بەتایبەت لەنێو ئەو هێزە شیعییەکان کە بەهۆکاری سیاسیی‌و ئەمنی دژایەتی پڕۆژەکە دەکەن.


هێڵی بۆری نەوتی بەسرە - عەقەبە، پڕۆژەیەکە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لەکێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراق بۆ بەندەری عەقەبە لەباشوری ئوردن، بەدرێژایی 1700 کیلۆمەترو توانای هەناردەی ڕۆژانە دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل.

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو تێچوی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خەمڵاندنی جیاوازی بۆ کراوە، سەرەتا تێچوەکەی بە18 ملیار دۆلار خەمڵێندرا، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوێکی دیکەدا لەساڵی 2022 ڕایگەیاند، تێچوی خەمڵێنراوی هێڵەکە هەشت ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە، هەروەها لەبودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2024 بڕی 6.4 ترلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخانکرا.

دامەزراندنی بۆرییەکە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بەتایبەت لەنێو نیگەرانییە بەردەوامەکان‌و هەڕەشەکان لەگەروی هورمز کە تاکە ڕێڕەوەی گواستنەوەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

بەشێک لەنوێنەرانی شیعە لەپەرلەمانی عێراق دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایەی بەندەری عەقەبەی ئوردن زۆر نزیکە لەکەنارەکانی ئیسرائیل لەسەر دەریای سورو دورنییە بەهۆیەوە ئیسرائیل دەستی بەنەوتی عێراق بگات.

بەشێکی دیکە بۆچونیان وایە، تێچوی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری عەقەبە زیاترە بەراورد بەهەناردەکردن لەڕێگەی بەندەرەکانی باشور، ئەمەش دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر ئابوری عێراق.

هەرچەندە، گروپە شیعییەکان، هەوڵیاندا لەڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە ڕێگریی لەپڕۆژەکە بکەن، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق داواکەی ڕەتکردەوە، ئەمەش بوەتە پشتگیرییەکی دیکە بۆ جێبەجێکردنەی پڕۆژەکە، بەوتەی شارەزایان سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەتوانێت پارێزگاری لەتاکە سەرچاوەی داهاتی عێراق بکات، بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەردەوامدەبن کە نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەکیشدا دوچاری ئەم ئاڵنگاریانە دەبێتەوە.